ده‌یان ئه‌فسه‌ری پۆلیسی به‌ریتانیا ئاماده‌نین چه‌ك هه‌ڵبگرن

ئه‌فسه‌رانی به‌ریتانی له‌ له‌نده‌ن
ئه‌فسه‌رانی به‌ریتانی له‌ له‌نده‌ن

K24 – هەولێر:

جۆرێك له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ناو پۆلیسی به‌ریتانیا له‌ له‌نده‌نی پایته‌خت له‌ ئارادایه‌ به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌یان ئه‌فسه‌ری پۆلیس ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌شداری له‌ گه‌ڕانه‌ چه‌كدارییه‌كان بكه‌ن و ئاماده‌نین له‌ ئه‌ركدا بن.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 24ـی ئه‌یلوولی 2023) رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌، زیاتر له‌ 70 ئه‌فسه‌ری پۆلیس له‌ له‌نده‌نی پایته‌خت رایده‌گه‌یه‌نن، كاتیان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئاخۆ له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا به‌رده‌وام ده‌بن یاخود له‌ كاتی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانیاندا چیدیكه‌ چه‌ك هه‌ڵناگرن. گاردیان روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، هۆكاری هه‌ڵوێستی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تۆمه‌تی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست دراوه‌ته‌ پاڵ یه‌كێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌ هاوڕێكانیان.

گاردیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، جگه‌ له‌و 70 ئه‌فسه‌ره‌ ژماره‌یه‌كی دیكه له‌ پۆلیسه‌كانی له‌نده‌ن ئاماده‌ نه‌بوونه‌ به‌ ئه‌رك ده‌ربچن و پێیان باشتر بووه‌ له‌ شوێنی خۆیان له‌ناو بنه‌كه‌ و باره‌گانیاندا بمێننه‌وه‌، هاوكات ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام رایانگه‌یاندووه‌، ته‌نیا له‌ حاڵه‌تی به‌په‌له‌ و له‌ناكاودا ئاماده‌ن ده‌ربچن.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌فسه‌رانی پۆلیسی له‌نده‌ن هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری دادگای به‌ریتانیا كه‌ تۆمه‌تی كوشتنی گه‌نجێكی ره‌شپێستی له‌ مانگی ئه‌یلوولی ساڵی رابردووی خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس كه‌ به‌ هێمای (NX121) ناوی هێناوه‌.

كریس كاپای ته‌مه‌ن 24 ساڵ، له‌ ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو له‌دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسی به‌ریتانیاوه‌ له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی له‌نده‌ن ته‌قه‌ی لێكرا و به‌هۆی به‌ركه‌وتنی گولله‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

ئه‌فسه‌رانی به‌ریتانی كه‌ جۆرێك له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان نیشان داوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ترسیان هه‌یه‌ هه‌مان چاره‌نووسی پۆلیسه‌ هاوڕێكه‌یان رووبه‌ڕووببێته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌ یاساییه‌كانیان. هاوكات ده‌گوترێت، ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ به‌شێكیان چه‌كه‌كانیان له‌ كاتی ئه‌ركه‌كانیادا هه‌ڵنه‌گرتووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانن به‌رامبه‌ر به‌ تۆمه‌تباران له‌ كاتی راپێچكردنیان بۆ به‌رده‌م داگا، به‌كاریبهێنن.