ئەنەکەسە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکات

داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بوەستێنێت
دیمەنێکی نەخۆشخانەی شارۆچکەی دێرک دوای هێرشەکەی تورکیا
دیمەنێکی نەخۆشخانەی شارۆچکەی دێرک دوای هێرشەکەی تورکیا

K24 - هەولێر

ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکات و داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانی بوەستێنێت.

لە راگەیەندراوێکدا ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا رایگەیاند، 5ی ئەم مانگە سوپای تورکیا، چەند ناوچەیەکی لە رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کردووە و بەهۆیەوە 10 کەس کوژران و بریندار بوون، هەروەها زیانێکی زۆر بە وێستگەی کارەبا، ئاو و ژێرخانی ناوچەکان گەیشتووە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆریشی لای خەڵک دروستکردووە.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا، ئەنەکەسە داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بوەستێنێت و داواش لە پەکەکە دەکات دەستوەردان لە کاروباری رۆژئاوای کوردستان نەکات و ناوچەکە لە مەترسی دووربخەنەوە.

ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کار لەسەر چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا بکات و هەنگاوی خێرا لە چوارچێوەی بڕیاری 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایش بنێت.

لەلایەکی دیکە بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆل رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە تایبەت لە نزیک کەمپی هۆل کاریگەری لەسەر دەزگا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە لە کەمپەکەدا کار دەکەن هەیە، چونکە هەزاران خێزانی داعش لە کەمپەدا هەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشانەی تورکیا دەبنەهۆی ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ چەکدارانی داعش بڕەخسێنێت و دۆخی ئەمنی ناوچەکە تێکبچێت.

بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆل داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەستوەردان بکەن و بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر کەمپی هۆل جێبەجێ بکەن.