پوتن: توێژێکی ئەمه‌ریکا سوود لە نائارامی جیهان دەبینێ

ڤلادیمێر پوتن
ڤلادیمێر پوتن

K24-هەولێر

سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتن دەڵێت: "توێژێکی ئەمه‌ریکا سوود لە نائارامی جیهان دەبینێ و هەر ئەوانیش هەوڵی نانەوەی پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن.

ئەمڕۆ  (دووشەممە 30-ی تشرینی یەکەمی 2023)، ڤلادیمێر پوتن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە بری راوەدوونان و سزادانی تیرۆرستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند لایەنێک سیاسەتی تۆڵە سەندنەوە دەگرنەبەر".

سەرۆکی رووسیا دووپاتیکردەوە، توێژێکی ئەمه‌ریکا سوودمەندە لە نانەوەی ئاژاوە لە جیهاندا.

گوتیشی: "ئەمه‌ریکا هەوڵی بڵاوکردنەوەی نائارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات".

پوتین لەبارەی دیمەنەکانی غەززە ده‌ڵێت :"دیمەنی منداڵە کوژراوەکان، ئازاری بەساڵاچووان و کوشتنی پزیشكه‌كان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دڵه‌وه‌ دەمانسوتێنێ" .

پوتن هۆشداریدا و رایگه‌یاند:"رووسیا لەپێناو ئایندە و سیستەمی جیهانێکی یەکسان تێده‌كۆشێ".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، هەوڵێک بۆ ناشرینکردنی هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هه‌یه‌.

ئەو وتانەی پوتن لە کاتێکدا هات، کە وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو، هێزەکانی رووسیا لە چەند به‌ره‌یه‌كی جه‌نگ 835 سەربازی ئۆکرانیایان کوشتووە و بریندار کردووە، هاوکات 39 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیانیشیان خستۆتە خوارەوە کە لە کێفەوە نێردرابوون.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.

کارزان حەیدەر