کتێبی مەرگی مرۆڤایەتی و پرسی ژیان بڵاو دەکرێتەوە

K24 - هەولێر

كتێبی مەرگی مرۆڤایەتی و پرسی ژیان دواهەمین كتێبی وەرگێڕدراوی هاوکار عەبدوڵڵای نووسەرە، کتێبەکە لەلایەن پرۆفیسۆری ئەمەریكی "ریچارد ویكارت" نووسراوە.

هاوکار عەبدوڵڵا، وەرگێڕ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ناوەڕۆكی ئەم كتێبە باس لە كۆمەڵێك تەوەر دەكات، دەپرسێت بۆچی لە سەردەمی رۆشنگەری و هاوتەریب لەگەڵ مێژوودا، ئەو ئیتیکە پیرۆزەی بۆ ژیان هەیە، لەنێو ئایینی مەسیحییەت و یەهودییەتدا هەرەسی هێناوە؟ باس لە هەژاریی و بێ توانایی زۆرێک لەو ئەلتەرناتیڤە سێکیولارییانە دەکات، کە مەسیحییەکان لە روانین بۆ ژیاندا هەیانە، لەوانەیش: ماددیگەرایی (ماتریالیزم)، فەلسەفەی ئەرێنی (پۆزەتیڤیزم)، سوودگەرایی (یۆتیلیتاریانیزم)، مارکسیزم، داروینزم؛ چاککردنی توخمی مرۆڤ، سایکۆلۆژیای رەفتاریى، هەبوونگەرایی، بایۆلۆژیای-کۆمەڵایەتی، پۆست-مۆدێرنیزم و چەندانی تر. ئەم كتێبە بیروڕای زۆرێك لە بیرمەند و سەركردە و كەسایەتییە جیهانییەكانمان بۆ دەردەخا، بەتایبەتی داروین و نیتچە، فۆكۆ، هیتلەر و بیرمەندە هاوچەرخەكان كە چۆن ژیانی زۆرێك لە مرۆڤەكانیان پێ گرنگ نەبووە، بەتایبەتی كەسانی كەمئەندام و رەش پێست و ئەوانەی كە لە هەندێک شوێنی هەژارنشینی ئەو جیهانە دەژین".

ئاماژەی بەوەشدا: "گرنگی ئەم کتێبە لەوە دایە كە لە چەندین بەرەدا بەرگری لە پیرۆزیی ژیانی مرۆڤ دەکات لە بەرانبەر مەسەلەکانی وەک: لەباربردن، کوشتنی بێئازار، کوشتنی مەلۆتکە، زانستی چاککردنی توخمی مرۆڤ و گۆڕینی رەگەز".

هاوكار عەبدوڵڵا، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی و ماستەری لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان هەیە، خاوەنی 10 کتێبی وەرگێردراوە.

ئا: لاڤین عومەر