لە رۆما چێشتخانەیەکی تایبەت بە سەگ دەکرێتەوە

تێچووی ژەمی هەر سەگێکیش دەگاتە 22 دۆلار
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

چێشتخانەیەکی سەگ لە رۆما کراوەتە و ناوبانگی لە ئیتاڵیا دەرکردووە،کە یەکەم جارە چێشتخانەیەک لەو شێوەیە لە ئیتاڵیا بکرێتەوە، رۆژانە بەلایەنی کەم شەش سەگ لەو چێشتخانەیە چەندین جۆری خۆراک دەخۆن و دەخۆنەوە، تێچووی ژەمی هەر سەگێکیش دەگاتە 22 دۆلار.

لوکا گراماتیکۆ، کە شێفی چێشتخانەکەیە دەڵێت: "ئەمە یەکەمین چێشتخانەی سەگە لە ئیتاڵیا و دەکەوێتە رۆمای پایتەخت،  دۆخێکی ئارامی هەیە و سەگەکان تامەزرۆی خواردنەکانن، چەندین خواردن و خواردنەوەی جۆراجۆر وەک هێلکەی کوڵاو و شەربەتی سێو و شوتی شلک بە سەگەکان دەدرێت".

گوتیشی: "لیستی خواردنەکان زۆر نزیکە لە لیستی خواردنی مرۆڤ دروستکراوە، پێکهاتووە لەو خواردنانەی دەیخۆین، هەوڵمانداوە بەهارات و خوێ و رۆنی لەناو نەکەین، تەنیا دەیکوڵێنین و بە سەلیقەیەکی جوان پێشکەشی دەکەین".

هەر لە چێشتخانەکە ئاهەنگی رۆژی لە دایکبوونی یەکێک لە سەگەکان بەڕێوەچوو، کێکێک بۆ یەکیک لە سەگەکان ئامادە کراوە، پرسیار لە خاوەن سەگەکە کرا، لە کاتێکدا ملیۆنان کەس رووبەرووی برسییەتی بوونەتەوە، ئایا کڕینی کێک و خواردنی گرانبەها بۆ سەگەکەی هەڵە نییە؟ رۆمینا لانزا خاوەن سەگەکە گوتی: "هاتن بۆ ئێرە و سوود وەرگرتن لەم بژاردەیە بڕیارێکی تایبەتییە، خەڵک دەتوانن بێن و دەشتوانن نەیەن، ئەمە دەرفەتە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بێن، راشکاوانە بڵێم هیچ هەڵەیەک لەم کارە نابینم".

لوکا گراماتیکۆ شێف ئەوەشی خستەڕوو، "لەو کاتەی ئەو چێشتخانەیە کراوەتەوە، هەموو ئێوارەیەک شەش بۆ 10 سەگ دێنە ئەم شوێنە و لە کۆتایی هەفتەشدا ژمارەکە دەگاتە 10 بۆ 15 سەگ، ژەمی هەر سەگێکیش لەو چێشتخانەیە دەگاتە 22 دۆلار".

راشیگەیاند: "بەربەست لەنێوان مێزی سەگەکان دانراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی خواردن یەکدی بێزار نەکەن".