چین نۆ بەرپرسی سەربازی دوورخستەوە

K24 - هەولێر

لە گۆڕانکارییەکی بەرفراواندا کە دوای دەستنیشانکردنی وەزیری بەرگری نوێی چین هات، نۆ بەرپرسی سەربازی لە پەرلەمانی وڵاتەکە دوورخرانەوە، کە چواریان جەنەڕاڵن لە یەکەی بەرپرسیار لە مووشەکی ستراتیژی.

ئێوارەی دوێنێ هەینی دوای دانیشتنی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چینی دەسەڵاتدار بڕیارەکە دراوە و روونیش نەکراوەتەوە کە هۆکاری بڕیارەکە چییە.

لی چانگفۆ وەزیری بەرگری پێشووی چین، لە مانگی ئاداری رابردوودا وەک وەزیری بەرگری دەستنیشانکرا، دواتر لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بە فەرمی لە کارەکەی دوورخرایەوە.

چین رۆژی هەینی، 29-12-2023، دۆنگ جونی وەک وەزیری نوێی بەرگری وڵاتەکەی دەستنیشانکرد، کە پێش ئەوەی ببێتە وەزیری برگری، پۆستی فەرماندەیی هێزی دەریایی چینی لە ئەستۆ بوو.

دەستبەکاربوونی دۆنگ جون دوای گۆڕانکارییەک دێت لە سەرۆکایەتی ئەو یەکەیەی کە بەرپرسە لە مووشەکی ستراتیژی لە سوپای چین بەتایبەتی مووشەکی ئەتۆمی.

لە مانگی تەمموزی رابردوودا دەسەڵاتی چین دانانی ئیدارەیەکی نوێی بۆ ئەم یەکەیە راگەیاند، بەبێ ئەوەی هۆکاری پشت ئەم گۆڕانکارییە روونبکاتەوە، هاوکات راپۆرتە میدیاییەکان باسیان لە بوونی لێکۆڵینەوەیەکی گەندەڵی پەیوەست بە سەرۆکی پێشووی ئەو یەکەیە کردووە.

ئەو نۆ بەرپرسەی رۆژی هەینی لە کۆنگرەی نەتەوەیی گەل (پەرلەمانی چین) دوورخرانەوە وەک نوێنەری هەڵنەبژێردراو لەم یەکەیەدا بوون.