ئێران بەدروستکردنی کەشتی "ئەبو مەهدی موهەندیس" هەڕەشە لە نەیارەکانی دەکات

K24 - هەولێر

فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران، دوای راگەیاندنی کەشتییەکی جەنگی نوێ، هەڕەشەی دەستپێکردنی "جەنگێکی هەمەلایەنە لەگەڵ نەیارەکانی" و شەڕ لە دەریا دوورەکانی کرد، ئەو کەشتییە کە ناوی "ئەبو مەهدی موهەندیس"ـی لەسەرە و لە مەراسیمێکدا، دوێنێ شەممە لە کەناراوەکانی بەندەر عەباس لە باشووری ئێران راگەیەندرا.

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە، کە حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، "هێزی دەریایی ئێران لە هەر شوێنێک بێت، تەنانەت لە شوێنە دوورەکانیشدا توانای گەیشتن بە نەیارەکانی هەیە" دەشڵێت: کەشتییە نوێیەکە بە مووشەک کۆمەڵێک بەلەم تەیارکراوە.

ئاژانسەکە لە زاری سەلامییەوە بڵاویکردووەتەوە، کەشتییەکەی "ئەبو مەهدی موهەندیس" لە ناوخۆ دروستکراوە و چوار بزوێنەری هەیە و توانای رۆیشتنی 14 رۆژ و دوو هەزار میل دەریایی هەیە، لەگەڵ توانای خۆدزینەوە لە رادارەکانی دوژمن.

سەلامی جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران "کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی هێڵەکانی کەشتیوانی و دابینکردنی تواناکان بۆ هێزی دەریایی کە بریتین لە مەودای مووشەک و هێزی کەشتیوانی مەودای دوور، چونکە بەردەوامی شەڕەکە زۆر گرنگە".

سوپای پاسداران پێشتر، لە مانگی ئەیلولی 2022، کەشتییەکی بە ناوی "قاسم سولەیمانی"، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران راگەیاندبوو.

ناکرێ دڵنیا بین لە تواناکانی کەشتیی "ئەبومەهدی موهەندیس"، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکێکە لەو نەوەیەی دوایین کەشتی کە سوپای پاسداران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دروستی کردووە، کە بە گوتەی شرۆڤەکاران هەموویان دەکەونە چوارچێوەی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی ئێران و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوی ئاوی ناوچەکە.