ئێران: تۆڵه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دیمه‌شق له ئیسرائیل ده‌كه‌ینه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئیسرائیل به ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دیمه‌شق ده‌كات كه بووه هۆی كوژرانی به‌رپرسی هه‌واڵگری سوپای پاسداران له سووریا و جێگره‌كه‌ی.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 20ـی كانوونی دووه‌می 2023) ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیسرائیلی تۆمه‌تبار كرد به ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر دیمه‌شق كه بووه كوژرانی سادق ئومێدزاده ناسراو به (حاجی سادق)، به‌رپرسی هه‌واڵگری سوپای پاسداران له سووریا و جێگره‌كه‌ی و چه‌ند راوێژكارێكی سه‌ربازی ئێران و ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ران و پله‌دارانی سوپای سووریا.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له درێژه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا به‌ڵێنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی داوه و رایگه‌یاندووه له كات و شوێنی گونجاو‌دا تۆڵه‌ی كوژرانی راوێژكارانی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كه‌نعانیدا ئاماژه به‌وه كراوه، راوێژكارانی سه‌ربازی ئێران له سووریا له‌سه‌ر داوای فه‌رمی حكومه‌تی سووریا بووه و رۆڵی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هاوكاریكردنی حكومه‌ت و سوپا و گه‌لی سووریا هه‌یه به‌تایبه‌ت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا.
له هێرشه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ر دیمه‌شق هه‌ر یه‌ك له سادق ئومێد زاده ناسراو به حاجی سادق، به‌رپرسی هه‌واڵگری سوپای پاسداران له سووریا، عه‌لی ئاغازداه، حوسێن محه‌ممه‌دی و سه‌عید كه‌ریمی ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ران و پله‌دارانی سوپای سووریا كوژران.
سادق ئومێدزاده له‌دایكبووی ساڵی 1958ـی تارانه و به‌یه‌كێك له نزیكه‌كانی ره‌زا مووسه‌وی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاساداران له ئێران داده‌نرا كه له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2023ـدا كوژرا.
سادق ئومێدزاده یه‌كێك بووه له دیله ئێرانییه‌كان كه له سه‌ره‌تای ئاڵۆزییه‌كانی سووریا له‌لایه‌ن به‌ره‌ی نوسڕه به‌دیل گیرابوو و دواتر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیكه ئازاد كران.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی واشنتۆن پۆستی ئه‌مه‌ریكا سادق ئومێدزاده له چه‌ند مانگی رابردوودا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ستنیشان كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو خاكی سووریا به‌ئامانج بگیرێت، به‌وپێیه‌ی به‌شداری له‌و پلانانه‌دا ده‌كرد كه به‌هۆیانه‌وه هێرش ده‌كرایه سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا.