چاوپێكەوتنە نوێیەكەی كریستیانۆ میدیایەكانی هەژاند

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسری سعوودیە
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسری سعوودیە

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەی نەسری سعوودیە لە چاوپێكەوتنێكدا جەخت لەوە دەكاتەوە متمانەی بە بەخشینی خەڵاتەكانی زە بێست نەماوە، دەشڵێت: گۆڵكردن لە خولی سعوودیە هاوشێوەی ئیسپانیا و ئیتاڵیا قورسە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی ریكۆردی پۆرتوگالی رایدەگەیەنێت هیچ پلانێكی نییە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنا، دەشڵێت: لە خولی سعوودیە زۆر دڵخۆشم، ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش هەر لە یانەی نەسر دەمێنمەوە، چەند رۆژێكی دیكەش تەمەنم دەبێتە 39 ساڵ و لە یانەكەم زۆر ئاسوودەم، ئەگەر توانای جەستەییم لەباربێت دەمەوێت لە تەمەنی 40 ساڵیش لە یاریكردن بەردەوام بم.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبارەی خەڵاتی گڵۆب سۆكەر هێمای بۆ ئەوە كرد كە شانازی بەخۆی دەكات 54 گۆڵی تۆمار كردووە و بووەتە گۆڵكاری ساڵ و بەسەر هەریەكە لە كلیان ئێمباپێ، ئێرلینگ هالاند و هاری كەین سەركەوتووە.
دۆن دەشڵێت: بەهۆی ئەو كارانەی كردوومە و دەتوانم خۆم بە باشترین گۆڵكاری مێژوو بزانم، گۆڵكردنیش لە خولی سعوودیە بەو شێوەیە ئاسان نییە كە باس دەكرێت، گۆڵكردن لێرە قوربانی دانی دەوێت هاوشێوەی ئیتاڵیا، ئیسپانیا و پۆرتوگال قورسە.
لەبارەی بەخشینی خەڵاتەكانی زە بێست، ئەستێرە پۆرتوگالییەكەی پێشووتری یانەی ریال مەدرید ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە سەیری مەراسیمی زە بێستی نەكردەوە، دەشڵێت: ئەم خەڵاتە تا دێت زیاتر متمانەی خۆی لەدەست دەدات، مەبەستیشم ئەوە نییە كە مێسی خەڵاتەكەی بردووەتەوە، بەڵكو هیچ بنەمایەكی باوەڕپێكراوم هەست پێ ناكەم لە بەخشینی ئەم خەڵاتە.
كریس گوتیشی: من بوومە گۆڵكاری ساڵ و خەڵاتی گڵۆب سۆكەرم بەدەستهێنا، بەڵام براوەی زە بێست لەسەر چی بنەمایەك خەڵاتەكەی بەدەستهێنا، مێسی زۆربەی یارییەكانی لە خولی ئەمریكا كرد، كەچی خەڵاتەكەی بردەوە، لە كاتێكدا خولی ئەمریكا بە بەراوردی ئەورووپا وەكو پێویست گرینگ نییە، بۆیە پێویستە هەڵسەنگاندنی زیاتر بكرێت بۆ دەستنیشان كردنی باشترین یاریزانی ساڵ.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەم وەرزە بە تۆماركردنی 20 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی خولی رۆشنی سعوودیە گرتووە و لە سەرحەم پاڵەوانێتییەكانیش 11 ئاسیستی كردووە و گرێبەستەكەشی لە هاوینی 2025 لەگەڵ یانەی نەسر كۆتایی دێت.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ
كریستیانۆ رۆناڵدۆ
كریستیانۆ رۆناڵدۆ
كریستیانۆ رۆناڵدۆ
كریستیانۆ رۆناڵدۆ