61 ئافرەت لەزیندانی ئەوینی تاران مانیان لەخواردن گرت

زیندانی ئەوین لە تاران
زیندانی ئەوین لە تاران

K24 - هەولێر

لە کاردانەوەی ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ لە تاران، چالاکانی سیاسیی و مەدەنی لە دەرەوەی ئێران، لەگەڵ 61 ئافرەتی زیندانیکراو لە گرتووخانەی ئەوینی تاران مانیان لەخواردن راگەیاند، داوا دەکەن کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان رابگرێت.

نێرگس محەمەدی چالاکی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی بۆ ساڵی 2023، کە ئێستا بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی لە زیندانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەنستاگرام بڵاویکردووەتەوە، 61 ئافرەتی زیندانی سیاسیی و ئایینی لە گرتووخانەی ئەوین لە تاران، بۆ ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلو و راگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ئافرەتێکی دیکەی زیندانی سیاسی لە گرتووخانەی یەزد، بە ناوی زەینەب جەلالیان کە سزای زیندانی تاهەتایی دراوە، مانی لەخواردن گرتووە و پشتیوانی خۆیی بۆ داواکارییەکەی زیندانیانی ئەوین راگەیاندووە.

هەروەها شەپۆلی پشتیوانیکردنی مانگرتووانی ئەوین، بۆ ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی محەمەد قوبادلو، بڕیارەکانی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، چالاکانی سیاسیی و مەدەنی دەرەوەی ئێرانیشی گرتووەتەوە، ئەوان بە بڵاوکردنەوەی پەیامی پشتیوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕیاری مانگرتنیان لە خواردنداوە.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2024، دادگای یەکی تاوانەکان لە تاران سزای لەسێدارەدانی بە سەر محەمەد قوبادلو لە دایکبووی 1991ی تاران جێبەجێکرد، بە تاوانی کوشتنی پۆلیسێک و بریندارکردنی پێنج پۆلیسی دیکە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران.

لە کاتێکدا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) چەند کاتژمێرێک بەر لەسێدارەنی محەمەد قوبادلو رایگەیاندبوو، قوبادلو نەخۆشی دەروونی هەیە و لە ژێر کاریگەریی ئەشکەنجەدان دانپێدانانی بەزۆر لێوەرگیراوە.

هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، ساڵی 2023 لە ئێران لانیکەم 791 هاووڵاتیی لەسێدارەدراون، لە نێویاندا دوو منداڵ و 25 ئافرەت هەبوون، کە بەراورد بە ساڵی 2022 جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەرێژەی 33% زیادی کردووە.