ڤیان دەخیل: قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی عێراقدا نییە

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، 12 هەزار دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان هەیە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 20 خانەوادە قەرەبووکراونەتەوە.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر کەسیی ئێزیدیەکان زۆر کارمان کردووە بۆ مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان، بەڵام ئەو لێژنەیەی کە بۆ قەرەبووکردنەوەیان پێکهاتووە هەر جارێک بە بیانوێک خۆی لە قەرەبووکردنوەیان دەدزێتەوە.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: 12 هەزار دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە ئێزدییەکان هەیە، بەڵام لەو ژمارەیەدا تەنیا 20 خانەوادە قەرەبووکراونەتەوە، قەزای شنگال لە ساڵی 2015 لەژیڕ دەستی داعشد رزگارکرا، بەڵام هەندێک شاری دیکە لە ساڵەکانی 2017 بەرەو سەرەوە ئازادکراون، کەچی حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ئەو شارانە و خەڵکی شنگالیشی پەراوێزخستووە.

ڤیان دەخیل، ئاماژەی بەوەدا، قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی عێراقدا نییە، پرسی شنگال بە سیاسی کراوە.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها راشیگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت خەڵکی شنگال بارودۆخۆیان بەو شێویە بمێنێتەوە و نایەوێت قەرەبوویان بکاتەوە، چونکە دەیەوێت پرسی شنگال هەمیشە وەک کارتێکی فشار دژی هەرێمی کوردستان و ئێزدییەکان بەکاریبهێنێت.

ڤیان دەخیل، باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق، بە تایبەت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران جیددی نین لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی ریککەوتننامی شنگال گوتی: پێویست بوو حکومەتی عێراق رێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی کێشەی پرسی ئەمنی لەو قەزایە چارەسەربکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە خۆی دزیوەتەوە.

رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژووکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.

رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد.

وەکو ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، دوای سێ ساڵ لە واژووکردنی رێککەوتنی شنگال، "بەداخەوە هیچ هەنگاوێک نەچووینەتە پێش؛ ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئاوارە و خوشک و برایانی ئێزدی نەتوانن بگەڕێنەوە شنگال، لەبەر ئەوەی وەکو پێویست خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەیان نییە".

رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

رێبەر ئەحمەد گوتی، "هەمیشە داوامانکردووە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوکاربووە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام بەداخەوە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی عێراقیش خەڵکانێک هەنە، رێگرن لەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت".