سه‌رۆكی هه‌رێم و كونسوڵى به‌ريتانيا تاووتوێی دۆخى گشتيى عێراق، هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆكی هه‌رێم و كونسوڵى گشتی نوێی به‌ريتانيا له‌هه‌رێمی كوردستان، تاووتوێی دۆخى گشتيى عێراق، هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/2/12 نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا به‌خێرهاتنى  جه‌يمس گۆڵدمان كونسولى گشتيى نوێى به‌ريتانياى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركی جه‌يمس گۆڵدمان ده‌ربڕى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌ريتانيادا‌‌، دووپاتكرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ گۆڵدمان خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك كونسولى گشتيى نوێى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشاندا،  دووپاتىكرده‌وه‌،‌ وڵاته‌كه‌ى له‌ پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و خوازياره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ببات.

تاوتوێكردنى دۆخى گشتيى عێراق، هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو. (هه‌روه‌ك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی پێداوه‌).