شارەزایەکی یاسایی نێودەوڵەتی: بەشداریکردنی شاندی کوردی لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان گرنگە

K24 - هەولێر

شارەزایەکی یاسایی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان کاریگەری راستەوخۆی دەبێت، لەسەرهاوکێشە پێچەوانەکان، وا دەکات هەرێمی کوردستان رۆڵی هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی شوباتی 2024، د. کرمانج عوسمان، شارەزا یاسایی نێودەوڵەتی، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، بەشداری بوونی کورد لە لوتکەی حکومەتەکان گرنگە لەبەر دوو هۆکار، هۆکاری یەکەم؛ لەماوەی 100 ساڵی رابردوو هەمیش کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان پیلانگێڕی بووە لە دژی هەرێمی کوردستان، هەمیشە مافەکانی هەرێمی کوردستانیان لەبار بردووە، بەڵام لەو لوتکە نێودەوڵەتییانە کە هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادە دەبێت، بەتایبەت لەسەر ئاستی باڵا وەک سەرۆکی حکومەت تێیدا بەشدار دەبێت، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە، وا دەکات هەرێمی کوردستان بەشداری ئەرێنی هەبێت و رۆڵی هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی ناوچەکە.

بەگوتەی ئەو شارەزایە، هۆکاری دووەم؛ هەندێکجار کۆبوونەوەی دوو وڵات یاخود دوو سەرکردە، کات و جوگرافیا و بارودۆخی تایبەتی دەوێ، بەڵام لەو لوتکانەدا دەرفەت دەرەخسێت سەرەڕای ئەجێندای کارەکانی لوتکە، لە پەراوێزی لوتکە دیداری تایبەت دروست دەبێت، ئەوەش گرنگە بۆ ئەوەی ئاگاداری دوا ئەپدێتی گۆڕانکاری نێودەوڵەتی بین. گۆرانکارییەکان زۆرە، کە چەندین بابەت و تەوەری جیاواز دەکرێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، چونکە تاوەکو ئێستا لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا بە خاڵێکی پۆزە تیف باس دەکرێت، کە سیاسەتێکی بێلایەنی پەیڕەو کردووە لەسەر ئاستی ناوچەکە.

کرمانج عوسمان راشیگەیاند، لە شەڕەکانی غەززە و ئیسرائیل، رووسیا و ئۆکرانیا، هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بێلایەنی خۆی پیشانداوە ئەوەش مانای ئەوە دەدات هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەک بوونی پۆزەتیف پیشاندەدات و یارمەتی ئەو ناوچەیە دەدات.