کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و ئەردۆغان لە میدیاکانی تورکیا کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا

K24 - هەولێر

کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کاردانەوەیەکی فراوانی لە میدیای تورکیا دروستکرد.

کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە، 13-02-2024ـی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی؛ لە میدیاکانی تورکیا کاردانەوەیەکی فراوانی لێکەوتەوە.

ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی کە ئاژانسی فەرمیی ئەو وڵاتەیە، وەک یەکەم سەرچاوە لە تورکیا هەواڵەکەی دانا و دواتر گرتەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە.

هاوکات رۆژنامەی میللیەت لە ماڵپەڕەکەی بە مانشێتی "ئەردۆغان ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لە دوبەی ئەنجامدا" هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئه‌ردۆغان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌.

جیا لەوە رۆژنامەی حورریەت تیشکی خستووەتە سەر کۆبوونەوەکان و بە مانشێتی "هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئەردۆغان لە دوبەی" هەواڵی کۆبوونەوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.

ئاژانسی دەمیرئۆرەن کە یەکێکە لە ئاژانسە دیارەکانی تورکیا جگە لە ئاژانس، لە ماڵپەڕەکەشی هەواڵەکەی دانا و ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان داوە، لەنێویشیاندا کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی بە جیا بڵاوکردووەتەوە.

کەناڵی خەبەر گلۆبال جگە لەوەی لە تیڤی ئاماژەی پێکرد، لە ماڵپەڕەکەش جگە لە سەرکردەی وڵاتانی دیکە هەواڵەکەی داناوە.

رۆژنامەی بیرگون یەکێک بوو لەو رۆژنامە دیارانەی تورکیا کە ئاماژەی بە کۆبوونەوەکە داوە و بە مانشێتی "ئەردۆغان و بارزانی کۆبوونەوە" بڵاویکردووەتەوە.

ماڵپەڕی دۆغرو خەبەر بە مانشێتی "سەرۆککۆمار ئەردۆغان پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی کوردستانی عێراق کرد" هەواڵەکەی داناوە.

هاوکات ئۆدا تیڤی کە ماڵپەڕێکی بەهێزی تورکیایە بە مانشێتی "ئەردۆغان لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە" ئاماژەی بە کۆبوونەوەکە داوە و رایگەیاندووە، هەردوولا کۆبوونەوەیەکی داخراویان کردووە.

جگە لە هەواڵەکان، کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وەک باڵاترین دامەزراوەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە.