ئەمەریکا زیاتر لە 500 دامەزراوە و کەسایەتی رووسیا سزا دەدات

باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، زیاتر لە 500 دامەزراوە و کەسایەتی رووسیا دەخرێنە لیستی سزاکانەوە.

ئەمڕۆ هەینی (23ـی شوباتی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سزای بەسەر زیاتر لە 500 دامەزراوە و کەسایەتی رووسیا سەپاند. وەزارەتەکە ئاشکراشی دەکات، ئەو دامەزراوە و کەسایەتییانەی سزادراون بەرپرسیارن لە دەستەبەرکردنی داهات و کاڵا و سەرچاوە بۆ رووسیا و گیان لە دەستدانی ئەلێکس ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە.

لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کە لە دووەمین ساڵیادی نزیک دەبێتەوە، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار دامەزراوە و کەسایەتی رووسیا لەلایەن ئەمەریکاوە سزادراون.

هەروەها جگە لە رووسیا، ئەمەریکا سزای زیاتر بەسەر ئێرانیشدا دەسەپێنێت لەبەرامبەر هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ رووسیا.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێران درۆنی رەوانەی رووسیا کردووە و لەدژی ئۆکرانیا بەکارهێنراون، ئێستاش تاران لە هاوکاریکردنی مۆسکۆ بەردەوامە، لە وەڵامی ئەمەش، ئەمەریکا لە چەند رۆژی داهاتوو سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، چەند راپۆرتێک بڵاوکراونەتەوە، کە ئێران دەیەوێت مووشەکی بالیستی رەوانەی رووسیا بکات، ئەگەر ئێران بیەوێت کاری لەو شێوەیە بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی وەڵامی تاران دەدەنەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێران ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیای هاوپەیمانی دابین کردووە، ئەمەش هەنگاوێکە کە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کەوتووەتە ژێر سزاکانی ئەمەریکا.