حیكمه‌ت بامه‌ڕنی: بانگهێشتكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ واشنتن په‌یامێكه‌ بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ

حیكمه‌ت بامه‌ڕنی، شرۆڤه‌كاری سیاسی
حیكمه‌ت بامه‌ڕنی، شرۆڤه‌كاری سیاسی

K24 – هه‌ولێر:

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بانگهێشتكردن و پێشوازیكردن له‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا په‌یامێكه‌ بۆ عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 26ـی شوباتی 2024) حیكمه‌ت بامه‌ڕنی، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی بۆ كورد له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌دا زۆر گرنگه‌ نه‌خاسمه‌ كه‌ له‌ ئێستادا فشارێكی زۆر له‌سه‌ر كورد و كوردستان هه‌یه‌.

بامه‌ڕنی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیریكردنی به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ تا ئێستا چه‌ندین ئاڵنگاری و فشار رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ دروستكردنی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌ پشتیوانیكردنیشی به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كورد و هه‌رێمی كوردستان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاراستووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریكاش له‌ به‌رامبه‌ردا پارێزگاری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

روونیشیكرده‌وه‌، بانگهێشتكردن و پێشوازیكردن له‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا و ده‌ربڕینی پشتیوانییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستانێكی به‌هێز، په‌یامێكه‌ بۆ عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر كه‌ واشنتن به‌رگری له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پشتیوانییه‌تی.

ئێوارەی رۆژی (24ـی شوباتی 2024) بە بانگهێشتێکی فەرمی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دەبێت کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە دەبێت.