ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئاسایش له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بینێت
K24 – هه‌ولێر:
سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر بانگهێشتنامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، سه‌رنجی ناوه‌نده سیاسی و هزری و ئه‌كادیمییه‌كانی خراوه‌ته سه‌ر و پێیان وایه، ئه‌م سه‌ردانه له كاتێكدا بوو، ئه‌مه‌ریكا سه‌نگ و قورسایی هه‌رێمی كوردستانی به عێراق و وڵاتانی دراوسێ نیشان دایه‌وه و ئاماژه‌یه‌كی گرنگیش بوو، بۆ بایه‌خی جیۆپۆله‌تیكی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌یه‌كدا كه ئاڵۆزییه‌كان تێیدا له په‌ره‌سه‌ندنی زیاترن.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 28ـی شوباتی 2024) هه‌ر یه‌ك له كنێت تیمه‌رمه‌ن، نووسه‌ر و شرۆڤه‌كاری سیاسی، سكۆت به‌یتس، پسپۆڕ له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و محه‌ممه‌د ئیحسان، ئه‌كادیمیست و سیاسه‌تمه‌دار و پسپۆڕ له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌میانی به‌شداریكردنیان له به‌رنامه‌ی دیبه‌یت كه له‌لایه‌ن حاكم فه‌رهاد له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش كرا، سه‌رنجیان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا و بانگهێشتكردنی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌وه بۆ واشنتن و گوته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه راكێشا و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كرد، ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئاسایش له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بینێت و گوته‌كانی بلینكن سێ په‌یامی بنچینه‌یی له‌خۆگرتبوو.
كنێت تیمه‌رمه‌ن، نووسه‌ر و شرۆڤه‌كاری سیاسی له سه‌ره‌تادا له‌باره‌ی گوته‌كه‌ی ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه گوتی "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان 360 پله‌یه". گوتی، ئه‌و گوته‌یه‌ی بلینكن زۆر سه‌رنجڕاكێشه، كه كه‌م كه‌س تێی ده‌گات! ره‌خنه‌یشی له ئیداره‌ی جۆو بایدن گرت و پێی وابوو ئه‌مه‌ریكا له سه‌رده‌می بایدندا پشتی له كورد و هه‌رێمی كوردستان كردووه، له به‌رامبه‌ریشدا پشتیوانی له ئێران و گرووپه میلیشیاكان كردووه، به‌ڵگه‌ی بۆ ئه‌م قسه‌یشی ئه‌وه بوو، كه ئه‌مه‌ریكا كاردانه‌وه‌ی توند و كه‌مه‌رشكێنی بۆ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكاش نییه.
تیمه‌رمه‌ن سه‌رنجی بۆ خاڵێكی گرنگ راكێشا و پێی وابوو سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌لایه‌ن هه‌ردوو بلۆكه زه‌به‌لاحه‌كه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا "دیموكرات و كۆمارییه‌كان"ـه‌وه پشتگیری لێ ده‌كرێت و به‌رپرسانی باڵای هه‌ردوولا ده‌بینێت و ئه‌نجامی كاریگه‌ر و ئه‌رێنیشی به‌دوادا دێت.
هاوكات سكۆت به‌یتس، پسپۆڕ له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پێی باشتر بوو خۆی له شیكردنه‌وه‌ی گوته یان گوزارشته‌كه‌ی بلینكن به‌دوور بگرێت، به‌ڵكو قسه له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بكات و پێی وابوو، ئه‌گه‌ر چی دره‌نگ بوو، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌رێنیتری لێ ده‌كه‌وێته‌وه و سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێزه بۆ دووباره بونیاتنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا و پارێزگاریكردنی زیاتر له سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئایكۆنێكی ئاسایش له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌رگای بۆ كورد و هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه و به‌شێوه‌ی درێژخایه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌ها هاوبه‌شه‌كان ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.
سكۆت به‌یتس بۆچوونی وابوو ئیداره‌ی بایدن له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه فۆكه‌سی بۆ سه‌ر ئاسیا بوو به‌گشتی و هه‌ڵكشانی هه‌ژموونی چاینا و رووسیا له كیشوه‌ره‌كه و ته‌نانه‌ت كیشوه‌ره‌كانی دیكه، بۆیه به‌رانبه‌ر به دۆسیه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه، له‌وانه‌یش ئێران و عێراق و جارێكی دیكه به‌رانبه‌ر به پرسی كورد كه‌مته‌رخه‌م بوو، به‌ڵام دواجار بۆی روون بووه‌وه ده‌بێت پارێزگاری له هه‌رێمی كوردستان بكات.
محه‌ممه‌د ئیحسان له لای خۆیه‌وه تیشكی خسته سه‌ر گوزارشت و ده‌ربڕینه‌كه‌ی بلینكن و بۆچوونی وابوو بلینكن كه ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و بونیاتنه‌رانه‌ی له په‌یوه‌ندییه‌كان و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه مه‌به‌ستی بووه به سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڵێت "پشتگیری ته‌واوه‌تی"ـیان ده‌كه‌ین.
محه‌ممه‌د ئیحسان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی بڕوای ته‌واوه‌تی به دیموكراسی و به‌ها گه‌ردوونی و مرۆییه‌كان و په‌یوه‌ندییه باڵاكان و لیبڕاڵیزم هه‌یه، رۆژ به رۆژ رووبه‌ڕووی نه‌یار و دوژمنی زیاتر ده‌بێته‌وه، بۆیه له رێگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كه‌یه‌وه به ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت، ئه‌م به‌هایانه به‌یه‌كه‌وه كۆیان ده‌كاته‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا پێویست ده‌كات ئه‌مه‌ریكا و ئیداره‌ی حوكمڕانی ئه‌و وڵاته ئه‌م بڕوا به تینه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیتری به‌رانبه‌ر هه‌بێت.
روونیشیكرده‌وه، ده‌ربڕینه‌كه‌ی بلینكن، سێ په‌یامی سه‌ره‌كی له خۆ گرتبوو، یه‌كێكیان بۆ گرووپه چه‌كداره‌كانی ناوخۆی عێراق بوو. به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌ستیان به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان درێژ بكه‌ن، رووبه‌ڕووی په‌رچه‌كرداری ئه‌مه‌ریكا ده‌بنه‌وه. دووه‌میان ناواخنی په‌یامه‌كه، رووی له ئێران بوو، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كاته دێوه‌زمه. سێیه‌میش په‌یوه‌ندی به خودی وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكاوه هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه پشتیوانی له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن وه‌ك دۆستێكی بنه‌ڕه‌تی و ستراتیژ.