چرا یاسین: رەخنەی ئەدەبی بەشێکی دانەبڕاوە لە دەقی ئەدەبی

چرا یاسین، شاعیر و نووسەر
چرا یاسین، شاعیر و نووسەر

K24 - هەولێر

شاعیر و نووسەر چرا یاسین، لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر شیعر و چیڕۆک و باس لە رەخنەی ئەدەبی و ئازادی ئافرەت دەکات.

کوردستان24: نووسەری باش کێیە؟

چرا یاسین: کاری نووسەری تەنیا لکاندنی وشە نییە بە یەکترییەوە، ھەروەھا ڕیزکردنی ڕستە نییە بەدوای یەکترییەوە، چەند تایبەتمەندیێک ھەیە کە بە ھۆیەوە ئاشنا دەبین بە نووسەری چاک و لێھاتوو، لەوانە بوونی حەز و خولیا بۆ بوارەکە، واتە بواری نووسین، نووسەر بەھۆی بوونی ئارەزووی نووسین دەست بۆ ئەو کارە ببات نەوەکو ئامانجی دیکە، ھەروەھا نووسەری باش ھەرگیز بەرژەوەندیخواز نابێت و لە بەرژەوەندی ھیچ کەس و لایەنێکدا نانووسێت، لە ھەمان کاتدا نووسەری باش ئەوەیە کە خوێنەرێکی باشیش بێت و بوونە خاوەن بەرھەمی خۆی وایلێبکات لە خوێندنەوەدا داببڕێت بە تەواوی ئاگاداری ھەبێت لە کایەی چاپکردنی کتێبی نوێ و نووسینی نووسەرانی تر. بە ھەمان شێوە لە نووسینەکانیدا بایەخ بدات بەو زمانەی کە نووسینەکەی پێ دەنووسێت، بۆ نموونە بە زمانی کوردی دەنووسێت گرنگە زمانەکە بە تەواوی پاراوبێت و دایبماڵێت لە ھەموو جۆرە وشەیەکی بێگانە. ھەروەھا ڕەچاوی تەواوی ڕێنووس و خاڵبەندی بکات، و بتوانێت بە ئاسانی بیرۆکەکانی خۆی بگەیەنێت. نووسەری چاک ئەو نووسەرەیە کە ڕەخنە قبوڵبکات و بەردەوام پلانی ھەبێت و بە پێی پلان کارەکانی ئەنجام بدات، بە ھەمان شێوە ئارامگربێت لەسەر نووسینەکانی خۆی، و بەردەوام لە ھەوڵی ئەوە دابێت باشترینەکان پێشکەش بکات.

کوردستان24: ڕەخنەی جددی، شیعری باش دروست دەکات؟

چرا یاسین: ڕەخنەی ئەدەبی بەشێکی دانەبڕاوە لە دەقی ئەدەبی، لەو کاتەی کە دەقی ئەدەبی نووسراو ھەبووە ڕەخنەش ھەبووە، بە بڕوای من بەبێ بوونی رەخنەش دەکرێت کاری جوان پێشکەش بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەدەکانی ڕابردوو و چاوێک لە قۆناغی شیعری کلاسیکمان بکەیین، دەبینین چەندین شیعر و کاری جوان پێشکەش کراوە، لە کاتێکدا رەخنەی ئەدەبی لەو کاتەدا بوونی نەبووە، ھەشبووبێت لە چوارچێوەیەکی زۆر بەرتەسک بووە. ڕەخنەگرتن لە دەقدا کارێکی خراپ نییە، و داڕووخاندنی دەق نییە، بەڵکو ھاندەرێکی چاکیشە بۆ بەرەوپێشچوونی، بەڵام بە مەرجێک لە چوارچێوەی زانستی بێت و بە پێی ئەو بنەما و میتۆدانە بێت کە بۆ رەخنەگرتن لە دەقدا دیاریکراوە. ھەروەھا ڕەخنەگر گرنگە جیاکاری بکات لە نێوان رەخنەگرتن لە نووسەر و رەخنەگرتن لە دەق، بۆ نموونە رەخنەگر بەھۆی نزیکی لە نووسەرەوە دەکرێ چاو لە ئاست ھەنێک شتدا داپۆشێت، و بە پێچەوانەشەوە کاتێک نووسەری بە دڵ نییە، لە ڕێگەی بەرھەمەکانیەوە دەکەوێتە لێدان لە نووسەرەکە.

کوردستان24: وەک نووسەرێکی ئافرەت، چی دەڵێی دەربارەی ئازادی ئافرەت لەکۆمەڵگای کوردیدا؟

چرا یاسین: روونە تا سەرەتاکانی سەدەی بیست، پرسی ژن لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەر یەک رێڕەو دەڕۆیشت، ئەویش خۆی لە پەراوێزخستن و گۆشەگیرکردنی لە ماڵەوە دەبینییەوە، کار و ژیانی لەجوگرافیایەکی بەرتەسک سنوردار بوو، بە واتایەکی دیکە کاتێک باسی ئافرەت دەکرا، دەستبەجێ بیری مرۆڤ بۆ چێشتخانە و گەورەکردنی منداڵ دەچوو، ئەو بارودۆخە ھەروا بەردەوام نەبوو، بەڵکو بەهۆی سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری و شۆڕشی پیشەسازی لە پێش سەدەی بیست، بارودۆخی ئافرەت لە سەدەی بیست لە ناو وڵاتە پێشکەوتووەکان هەنگاوی گەورەی نا. لە ساڵی ۱۹۱۹ مافی دەنگدان بە ئافرەتان بەخشرا و دواتریش وردە وردە مافەکانی تر لەلایەن خەباتی خۆیانەوە بەدەست هات. ئێستا بارودۆخی ئازادی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیشدا گۆڕانێکی گەورە و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆی بینیوە، و لە هەموو کایەکانی ژیان رۆڵیان هەیە، سەربەستیان پێدراوە، وەک چۆن ئافرەتى كورد لە مێژوويەكى زۆر كۆنەوە سەربەست بوونە و لە زۆربەی بوارەكاندا يارمەتى و پاڵپشتی پياوانيان كردووەو هەردوو ڕەگەزەکە وەك یەک رۆڵیان بینیوە لە زۆربەی بوارەكانی ژیاندا، وەک لە کایەی سیاسی، ڕۆشنبیری، تەنانەت لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی و پەیداکردنی بژێویش.

کوردستان24: دەستپێک بۆ چیرۆک و شیعر چۆن دەبێ؟

چرا یاسین: چیرۆک یەکێکە لە ژانەرە ئەدەبییەکان، و گێڕانەوەیەکی ئەدەبییە کە باس لە بەسەرهاتێکی راستی یاخود خەیاڵی دەکات، بە مەبەستی چێژبینین و کات بەسەربردن یاخود گەیاندنی پەیامێک. بەشی یەکەمی چیڕۆک زۆر گرنگە بە جۆرێک کاریگەری ھەیە لەسەر تەواوی چیڕۆکەکە، بۆ دەستپێکردنی چیڕۆک پێویستە نووسەر چەند خاڵێک ڕەچاو بکات، بەر لە ھەموو شتێک بوونی بیرۆکە و داڕشتنی، لەگەڵ رێکخستنی ئەو پلانەی کە کاری لەسەر دەکات، ھەروەھا بایەخدان بە شێواز و تەکنیکی نووسین ناساندنی کارەکتەرەکان و دروستکردنی چەند پرسیارێک لە مێشکی خوێنەردا، کە بۆ دەستکەوتنی وەڵامەکەی تا دوا دێر دەستھەڵنەگرێت. لە کۆتاییی چیرۆکەشدا، چاکتر وایە کاتێک دەست دەکەیت بە نووسین لەسەرەتاوە پلانی کۆتایی چیرۆکەکەت دانابێت تا بزانیت چی دەنووسیت و چۆن بەرەو ئەو کۆتایییە بچیت. بەڵام ئەمە بۆ شیعر جیاوازی ھەیە، چونکە شیعر زیاتر کار لەسەر ھەست دەکات، بۆ نموونە بینینی شتێک، حاڵەتێک، دیاردەیەک، دەکرێ بەس بێت بۆ ئەوەی ببێتە ھەوێن و شیعرێکی جوان و پڕ ھەستی لێ بھێنرێتە بوون، وە ھەر قاڵبێکی شیعریش شێوازی تایبەت بەخۆی ھەیە، ئەوەی کە زۆر گرنگ بێت بوونی یەکیەتی بابەتە لە شیعردا، دێرەکانی شیعر گوزارشت لە یەکتر بکەن، و ڕێچکەیەکی بنەڕەتی بۆ دیاری بکرێت و لەسەر ئەو ڕێچکەیە لە دەستپێکەوە بەردەوام بێت تا دەگات بە خاڵی کۆتایی.

شاعیر و نووسەر، چرا یاسین، تەمەنی 24 ساڵە و لە ناحیەی بەحرکە سەر بە پارێزگای ھەولێر لە دایکبووە و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بەشی مێژووی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەڵاحەددین.