کۆریای باکوور بە هەڵدانی چەند مووشەکێکی بالیستی پێشوازیی لە بلینکن بۆ ناوچەکە دەکات

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و چۆ تای یول وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور - وێنە AFP
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و چۆ تای یول وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور - وێنە AFP

K24 – هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە سەردانێک گەیشتە کۆریای باشوور و لە کاتی گەیشتنی  بۆ سیئۆل، کۆریای باکوور بە هەڵدانی چەند مووشەکێکی بالیستی توانا سەربازییەکانیی و ناڕەزایی وڵاتەکەی نیشان دا.

دەستەی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور بڵاوی کردووتەوە، لە کاتی گەیشتنی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سیئۆلی پایتەختی وڵاتەکەیان، کۆریای باکوور چەند مووشەکێکی بالیستیی بە ئاراستەی کەناراوەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا تاقی کردووەتەوە.

دەستەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو مووشەکە بالیستییانەی بە ئاراستەی نیمچە دوورگەی کۆریا هەڵدراون پاش بڕینی نزیکەی 300 کیلۆمەتر کەوتوونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان هەبێت.

تاقیکردنەوەی مووشە بالیستییەکانی کۆریای باکوور لە کاتێکدایە، ئەنتۆنی بلینکن و نزیکەی 100 وەزیر و بەرپرسانی حکوومەکانی جیهان بۆ بەشداری لووتکەی دیموکراسیی لە سئیۆلن.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە (18ی ئاداری 2024) سێیەمین لووتکەی دیموکراسیی دەست بە چالاکییەکانی بکات و تا وەکوو 20ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

هەروەها نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور رایگەیاندووە، سەرکردەی وڵاتان لە سێیەم رۆژی لووتکەکە بە ڤیدیۆکۆنفرانس بەشدار دەبن.

بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی لووتکەکەدا چەند کۆڕ و کۆبوونەوەیەک لە سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە بەشداربووەکان بەڕێوە دەچێت، تیایاندا گفتووگۆ لە سەر بابەتی دیموکراسیی بۆ نەوەی داهاتووە دەکرێت.

یەکەم لووتکەی لە پێناو دیموکراسیی لە کانوونی یەکەمی 2021 بە میوانداریی جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئامادەبوونی سەرکردەکانی 100 بەڕێوە چوو، هەروەها دووەم لووتکە بە میوانداری یۆن سوول یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور و سەرکردەکانی هەر یەک لە ئەمەریکا، کۆستاریکا، هۆڵەندا و زامبیا بەڕێوە چوو.