10 پارت و لایەنی تورکمانی پشتیوانی خۆیان لە بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە هه‌ڵبژاردن دەربڕی

نوێنەرانی لایەنەکانی تورکمان - وێنە: ئەرشیف
نوێنەرانی لایەنەکانی تورکمان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

پارت و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان پشتیونی خۆیان بۆ بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، کە بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە دژی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاریدا بەشداری لە هەڵبژاردن نەکات.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئاداری 2024)، 10 پارت و لایەنی سیاسی توركمانی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند لەبارەی بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی پەرلەمانی كوردستان.

لە راگەیەندراوەکەیاندا، پارت و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان ئاماژەیان بەوەکردووە: "هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەرز دەنرخێنین بۆ پاڵپشتیكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی توركمان".

هاوکات پارت و لایەنە سیاسییە توركمانییەکان لە راگەیەندراوەکەیاندا دووپاتی بڕیارەکەی خۆیان کردووەتەوە بۆ بایكۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، "بەهۆی بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییەكانی دادگای باڵای فیدراڵی كە خۆی لە پێشێلی دەستوور و بنەماكان و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەكان لەوانە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان دەبینێتەوە".

پارت و لایەنە سیاسییە توركمانییەكان باسیان لەوەشکردووە: "دادگای فیدراڵی هەر بەوەش نەوەستا هەڵسا بە هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بەمەش دادگاكە ئێستا شوێنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و قەزایی گرتووەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە وەك پارت و كۆمەڵەی سیاسیی نیشتمانیی توركمانی پاڵپشتی هەڵوێستەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین و داواش لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی دیکە دەكەین، لە یەك بەرە بن و یەك هەڵوێستیان هەبێت دژی بڕیارە نادەستووری و نا یاساییەكانی دادگای باڵای فیدراڵی".

لایەنەکان

پارتی گەشەپێدنی توركمانی

پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمانی

پارتی دیموكراتی توركمانی

كۆمەڵەی توركمانی لیبراڵی

كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمانی

پارتی یەكێتی توركمانی عێراقی

پارتی نیشتمانی توركمانی

بزووتنەوەی دیموكراسی توركمانی

بزووتنەوەی سەربەخۆی توركمانی

پارتی گەلی توركمانی