زانا مه‌لا خالید: پارتی ئه‌و هێزه‌یه‌ ده‌توانێت بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بدات

زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان
زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی ئه‌و هێزه‌یه‌ ده‌توانێت بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بدات. ده‌شڵێت، هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆی پارتی به‌شێكی ته‌واوكاریی ئه‌و خه‌باته‌ مێژووییه‌ی پارتییه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی كوردستان.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 18ـی ئاداری 2024) زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پارتی ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بدات.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پره‌نسیپ و پیاده‌كردنی به‌ر مه‌بنایی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌ كه‌ به‌ر له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌.

زانا مه‌لا خالید باسی له‌وه‌ش كرد، به‌شداریكردن و به‌شدارینه‌كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردن وابه‌سته‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی له‌سه‌ر ئه‌نجام ده‌درێت.

روونیشیكرده‌وه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ماوه‌ی دوو ساڵه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ لای پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ و به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ سیسته‌می دیموكراسی و زامنی مافی هاووڵاتییان ده‌كات له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیدا.

تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش پارتی بایكۆتی هه‌ڵبژاردن ناكات، به‌ڵكو ناچێته‌ ناو دۆخێكه‌وه‌ كه‌ سه‌پێندراوه‌ و دامه‌زراوه‌یه‌كی ناده‌ستووری به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی سه‌پاندووه‌.

گوتیشی، دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووه‌ته‌ جێی دامه‌زراوه‌ی یاسادانان كه‌ له‌ هیچ شوێنێكی دنیادا ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌رێنییه‌ بوونی نییه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆی پارتی به‌شێكی ته‌واوكاریی ئه‌و خه‌باته‌ مێژووییه‌ی پارتییه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی مافه‌كانی كوردستان و دروستكردنی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ئه‌زموونه‌كه‌ی.

زانا مه‌لا خالید هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، له‌ 3ـی تشرینی دووه‌می 2021ـوه‌ پارتی داوا له‌ یه‌كێتی ده‌كات گفتوگۆ بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كرده‌یی بكه‌ن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ یه‌كێتی كه‌ سكاڵای برده‌ دادگای فیدڕاڵی به‌ ته‌نیا بۆ دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو به‌سه‌ر چوار بازنه‌، به‌ڵكو بۆ لێدان بوو له‌ ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شانازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روه‌ها رایگه‌یانده‌وه‌، كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ یاسا، نه‌ك به‌ بڕیاری دادگایه‌كی ناده‌ستووری. روونیشیكرده‌وه‌، باشترین یاسا یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ و مافی به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیش داوه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".