به‌رنامه‌ی باسی رۆژ تاوتوێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارتی و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌كات
K24 - هەولێر:
راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌گه‌ره‌كانی كشانه‌وه له پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق كاردانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه. به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه له‌لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 19ـی ئاداری 2024) بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م پرسه میوانداری هه‌ر یه‌ك له عادل باخه‌وان، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق و عه‌لیڕه‌زا نووریزاده، به‌رپرسی ناوه‌ندیی توێژینه‌وه‌ی ئێرانی – عه‌ره‌بی كرد.
له‌و باره‌یه‌وه بۆچوون و خوێندنه‌وه و سه‌رنجه‌كانیان خسته‌ڕوو و هه‌ردوولا كۆك و هاوڕا بوون عێراق به‌ره‌و ئیفلاسی سیاسی هه‌نگاو ده‌نێت، نه‌خاسمه كه پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین هێزی سیاسی له عێراق ده‌توانێت دۆخه‌كان ئاوه‌ژوو بكاته‌وه.
له سه‌ره‌تادا عادل باخه‌وان، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌ڵوێسته‌كه‌ی پارتی له چركه‌ساتێكدا ده‌رنه‌بڕاوه، به‌ڵكو ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونێكی درێژخایه‌نه كه لانی كه‌م مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 2021 ده‌گه‌ڕێته‌وه و له 2024 به ترۆپك گه‌یشتووه.
عادل باخه‌وان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و ململانێ و ئه‌و دۆخه‌ی له عێراق له 2021ـوه دروست بووه، بۆ هه‌ڵویستی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبه‌كه‌ی حه‌لبووسی و سوننه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در چوونه ناو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك بۆ گۆڕینی سیسته‌م له عێراق.
عادل باخه‌وان باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كات، هه‌ڵبژاردن ئۆتۆماتیكی ئه‌نجام نادرێت. گوتیشی، پارتی تۆپه‌كه‌ی خستووه‌ته ناو گۆڕه‌پانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، به‌و مانایه‌ی پارتی پێیان ده‌ڵێت وازی له هاوپه‌یمانیه‌تی سه‌در هێنا و چوونه‌ته پاڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، به‌ڵام هیچ رێزێكیان بۆ ئه‌و بنه‌مایانه نه‌گرت كه حكومه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی له‌سه‌ر پێكهێنراوه.
باخه‌وان هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ی له 2003 له عێراق دروست بوو، شكستی هێناوه، چونكه ئه‌مه‌ریكا مه‌به‌ستی بوو نموونه و مۆدێلێك له عێراق دروست بكات، دواتر ئه‌و مۆدێله له ئه‌فغانستان تاوه‌كو مه‌غریبی عه‌ره‌بی درێژ بكاته‌وه.
عادل باخه‌وان گوتیشی، ده‌ستوور كه پیرۆزترین بنه‌مایه له عێراق، به‌ڵام له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵی و سه‌رۆكی دادگاكه به ئاشكرا ره‌ت ده‌كرێته‌وه و رێگه پیاده‌كردنی مافه فیدڕاڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق ناده‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كشانه‌وه‌ی پارتی له پڕۆسه‌ی سیاسی له عێراق گه‌وره‌ترین بۆشایی له حوكمڕانی دروست ده‌كات، بۆیه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له ئێستا په‌رۆشی ئه‌وه ده‌بێت پارتی رازی بكات و له گۆڕه‌پانه‌كه نه‌كشێته‌وه، نه‌خاسمه ئه‌وان پێگه و سه‌نگی پارتی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ده‌ره‌وه ده‌ناسن و ده‌زانن.
ئه‌و پێی وابوو دوای 2003 له عێراقدا گرێبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه كه ده‌سته‌به‌ری به‌ڵێنه‌كان و پاراستنی مافه‌كان بكات و بڕوای به عێراقیبوون هه‌بێت، بۆیه عێراق له رووی ستراكچه‌ری سیاسییه‌وه ئیفلاسی كردووه و ئێستا ئه‌و چركه‌ساته‌یه كه ئیفلاسبوونی تێدا راده‌گه‌یه‌نێت.
له‌لای خۆیه‌وه عه‌لیڕه‌زا نووریزاده، به‌رپرسی ناوه‌ندیی توێژینه‌وه‌ی ئێرانی – عه‌ره‌بی له به‌شێكی به‌رنامه‌ی باسی رۆژدا به‌شدار بوو و سه‌رنجی خۆی خسته سه‌ر دۆخی ئێستای عێراق به دۆخێكی سه‌یر ناوی برد و پێی وابوو گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێرانه له كاروباری ئه‌و وڵاته.
نووریزاده گومانی خۆیشی به‌رامبه‌ر به پێگه و رۆڵی سه‌رۆككۆماری ئێستای عێراق ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، نابینرێت و هیچ به‌شدارییه‌كی سیاسی نییه، له كاتێكدا ده‌توانێت رێگری له توندڕه‌وییه‌كانی شیعه بگرێت.
وردتر قسه‌ی له‌باره‌ی حكومه‌تی عێراق كرد و پێی وابوو به‌غدا مافه‌كانی كورد نادات و ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه جێبه‌جێی ناكات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ده‌نگێك له كوردستان به‌رز ببێته‌وه و دژی عێراق ده‌نگ هه‌ڵبڕێت. گوتیشی، عێراق نازانێت هاوبه‌شی چییه، رۆژێك پاره بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت رۆژێك ناینێرێت یان به شێوازی جیا جیا ده‌ینێرێت.
به‌رپرسی ناوه‌ندیی توێژینه‌وه‌ی ئێرانی – عه‌ره‌بی، پاته‌ی كرده‌وه عێراق به‌هۆی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته شیعه‌یه‌ی كه ئێران پشتیوانی لێ ده‌كات رووبه‌ڕووی نه‌هامه‌تی جۆراوجۆر له‌وانه‌ش گه‌نده‌ڵی بووه‌ته‌وه و كه سامانی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و هه‌ڵدێر و له‌ناوچوون ده‌بات، له كاتێكدا عێراق به چه‌ندان سامان ده‌وڵه‌مه‌نده.
رۆژی دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".
مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".