ئەوانەی لە سلێمانی دژی پرۆسەی خوێندن بوون ئێستا دژایەتی "هەژماری من" دەکەن

هەژماری من
هەژماری من

K24 – هەولێر:

گروپێک کە پێشتر بەپاساوی داخوازییەکانی مامۆستایان لە سنووری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاندبوو، هاوکات بەهۆیەوە پرۆسەی خوێندن لەو سنوورە پەکی کەوت و سەدان هەزار قوتابی لە قۆناغی خوێندنی ئاسایی بێبەشکران، ئێستا ئەو گرووپە ئاراستەکەی گۆڕیوە و دژایەتی پڕۆژەی "هەژماری من" دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی و ئاسانکاری بۆ مووچەخۆران پڕۆژەکەی راگەیاندووە، مامۆستایەک دەڵێت: "ئامانجی  ئەو گرووپە راکێشانی دەستی میلیشیاکان و دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستانە".

لەماوەی ئەمساڵی خوێندندا بەهۆی مانگرتنی بەشێکی زۆری مامۆستایان لەسنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە پرۆسەی خوێندن پەکی کەوت، بەم شێوەیە بە سەدان هەزار قوتابی لە خوێندنی قۆناغ بە قۆناغ بێبەشکران، بەڵام هەمان ئەو گرووپە لە سلێمانی کە پێشتر بەپاساوی نەبوونی مووچە مانگرتنیان بە مامۆستایان راگەیاند، ئێستا دەستیان کردووە بە  دژایەتیکردنی پڕۆژەی "هەژماری من" کە کارەکانی ئەم پڕۆژەیە بەسەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  لەلایەن کۆمەڵێک بانکی باوەرپێکراوەوە ئەنجامدەدرێت و، زۆرترین ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی مووچە لەلایەن فەرمانبەران دەکات وێڕای خزمەتگوزارییەکانی دیکە، لەکاتێکدا ئەو گرووپە داوای هەژماری بانکی عێراقی دەکەن کە بانکەکانی پشتیوانیکردن لێی ، لە دزی سەدە تێوەگلاون.

هەرێم جەمال، مامۆستا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕرگەیاند، مامۆستایانی ناڕازی هەندێک جار بە ناوی کۆی گشتیی مامۆستای هەرێمی کوردستان قسە دەکەن کە بەڕاستی ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی بەشێکی زۆری مامۆستایان.

ئەو مامۆستایەی شاری سلێمانی دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک لە مامۆستایان بەشدارییان لە پڕۆژەی 'هەژماری من'ـدا کرد، بەڵام دەستێک هەیە لەنێو مامۆستایان کە دەیانەوێت بارودۆخەکە بەرەو هەڵدێر ببەن، هەر چەندە ئەم دەستەی کە دەیەوێت ئاژاوە دروستبکات گوزارشت لە رای هەموو مامۆستایانی سنووری سلێمانی ناکات.

هەرێم جەمال، ئاماژەی بەوەدا، "خەڵکانێک هەن کە دەیانەوێت ئاژاوە دروستبکەن شەقامیش باش ئەو خەڵکانە دەناسێت، بە قسەی هەندێک لایەن کە دەست لە پشتیان دەدرێت هاندەدرێن بۆ ئەوەی ئەجێندای ناحەزانی هەرێم دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن".

ئەو مامۆستایەی شاری سلێمانی گوتی: "لە داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرمەشقی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و خەونی هەموو دوژمنان لە گۆڕ دەنێت، چونکە دوژمنان ئامانجیان ئەوەیە کە جارێکی دیکە خۆمان ڕادەستی بەغدا بکەین و هەستی نیشمانپەروەریی نەمێنێت لەناو ڕۆڵەکانی نیشتمانماندا، دەیانەوێت جارێکی دیکە نیشتمان پێشکەش بە حەشدی شەعبی بکرێت".

هەرێم جەمال، گوتیشی: ئەوانەی لە شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی هەڵدەپەڕین کە گوایە ئیدی مووچە دوا ناکەوێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا لێیان دەپرسین کوا مووچەکاتان!، لە دوای 20 ڕۆژ لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.

ناوبراو هیواشی خواست، خەڵکانێک نەیەن بە ناوی مامۆستایانی ناڕازییەوە شەقامی هەرێمی کوردستان بکەن بە دوو بەشەوە، گوتیشی: "ئەو خەڵکانە نە بە کۆنگرە و کۆنفرانس نوێنەری ئێمەن، نە مافی ئەوەشیان هەیە بە ناوی ئێمەوە قسە بکەن".

رەیان کلدانی کە خاوەنی میلیشیایەکی چەکدارییە لەچوارچێوەی لیوای 50ـی گرووپی حەشدی شەعبی، تۆمەتبار دەکرێت بە دروستکردنی بەربەست بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوخۆ بۆ پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی دیکەو، خۆی و برایەکی بەناوی ئوسامە کلدانی سەرپەرشتی ئەنجامدانی چەندین تاوانیان کردووە، لیواکەشی وێڕای ئەوەی رێگرن لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانی تلکەیف، حەمدانییە، ئەلقوش و دەستبەسەرداگرتنی بودجەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، هاوکات بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا گرتووە و فرۆشتوونیەتی، هەروەها دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەو گرووپەیان تۆمەتبار کردووە بە ترساندن و زەوتکردن و هەراسانکردنی ژنان.

رەیان کلدانی بەهۆی ئەو تاوانانەی کە خۆی و گرووپەکەی ئەنجامیداون لە ساڵی 2019  ئەمەریکا بەگوێرەی یاسای ماگنیتسکی، کە ئەو یاسایە تایبەت بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێندرێت "پێشێلکاری توندی مافەکانی مرۆڤ" دەکەن، سزای بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

ئەم گرووپە وەک خۆیان دەڵێن نوێنەرایەتی مامۆستایانی نارازی لەسلێمانی دەکەن، لەکاتێکدا کە مامۆستایان توێژێکی نموونەن لە پەروەردەو زانست کەچی ئەم گروپە رەیان کلدانی بە"قائد"ی خۆیان دەزانن.