پێشەوا هەورامانی: کاتی هاتووە خەڵکی بە شەڕەفی کورستان بەرامبەر بە خاکفرۆش و ماف فرۆشان هەڵوێستی جددی وەربگرن

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مەحکەمەی نادەستووری و نافیدراڵییەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە؛ کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان بەرامبەر بە خاکفرۆش و ماف فرۆشان هەڵوێستی جددی وەربگرن و رووبەڕوویان ببنەوە.

رۆژی هەینی (22ـی ئاداری 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئێمە هەموومان لەگەڵ سەروەری یاسا و دادگایەکی بێ لایەن و دەستوورین. بەڵام تا ئێستا بە پێی دەستوور، عێراق دادگایەکی دەستووری نییە و ئەو دادگایە بە نادەستووری بەردەوامە و بڕیارەکانیشی نایاسایی و نادەستوورین.

پێشەوا هەورامانی رایگەیاندووە: ئەوانەی لە کوردستان پشتگیری ئەم دادگایە دەکەن لەبەرئەوەیە لە بەرژەوەندی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات. بەڵام پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کە خۆفرۆشان لایان گرنگ نییە چەند مافی دەستووری کوردستان بە دەستەوە دەدەن.

هەروەها باسی لەوەشکردووە: بەهۆی ئەوەی ئەم بەناو دادگایە لە بەرژەوەندی ئەوان و دژی حکومەت بریار دەدات مافی دەستووری هەرێم پێشێل بکرێت. کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان بەرامبەر بە خاکفرۆش و ماف فرۆشان هەڵوێستی جددی وەربگرن و رووبەڕوویان ببنەوە.