بەریتانیا.. چەکی ئەتۆم ڕوو لە زیاد بوونە

چەکی ئەتۆم
چەکی ئەتۆم

K24 - هەولێر

ڕاپۆرتێکی حکومەتی بەریتانیا سەبارەت بە داهاتووی ڕێگری ئەتۆمی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە مەترسییەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە زیادبووندایە و پێدەچێت لە دوو دەیەی داهاتوودا بە بەرزی بمێنێتەوە.

گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، "مەترسییە ئەتۆمییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن"، هەروەها گوتیشی، ڕووسیا "بە شێوەیەکی نابەرپرسانە هەوڵی بەکارهێنانی قسەکردن لەسەر چەکی ئەتۆمی دەدات بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە ناچار بکات واز لە هاوکاریکردنی کیێڤ بهێنن".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو وەزیرە ڕاشیگەیاند، "چین بەخێرایی ژمارەی کڵاوەی ئەتۆمی زیاد دەکات و جبەخانە و کەرەستەی گواستنەوەی ئێستای بۆ ڕووسەکان فراوانتر دەکات".

وەزیری بەریتانیا پێی وایە، لە پاشخانی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و ئێران، وڵاتەکەی دەبێت پێگەی خۆی وەک "دەوڵەتێکی ئەتۆمی بەرپرسیار" بپارێزێت و بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ مۆدێرنکردنی جبەخانەی ئەتۆمی بەریتانیا و کەشتی ژێردەریایی مووشەکی ستراتیژی .

سەرەتای ئەم مانگە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، سێ لایەنە ئەتۆمییەکەی ڕووسیا لە هەموو وڵاتێکی دیکە مۆدێرنترە.

سەرۆکی ڕووسیا گوتیشی: لە ڕاستیدا هەموو وڵاتان ئەوە دەزانن "تەنیا ئێمە و ئەمەریکییەکان سێ یەکەیەکی لەو شێوەی ئەتۆمیمان هەیە و هەروەها تەواوی پێکهاتەی ئەتۆمی مۆدێرنتریشمان هەیە."

پوتن دووپاتیشی کردەوە، ڕووسیا ئامادەیە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، ئەگەر هەر کێشەک ڕوو لە دەوڵەتی ڕووسیا بکات و پەیوەندی بە زیان گەیاندن و سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەوە هەبێت.