لە فەرەنسا حاڵەتی ئاستی باڵای خۆپارێزی لە تیرۆر راگەیەندراوە

لە فەرەنسا حاڵەتی ئاستی باڵای خۆپارێزی لە تیرۆر راگەیەندراوە
لە فەرەنسا حاڵەتی ئاستی باڵای خۆپارێزی لە تیرۆر راگەیەندراوە

K24 - هەولێر

حکوومەتی فەرەنسا زیاتر لە حەوت هەزار پۆلیس و سەربازی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە حاڵەتێکی تیرۆریستی، بەتایبەت لە پاریس. ماکرۆنیش دەڵێت، ئەو گرووپە تیرۆریستییەی هێرشەکەی مۆسکۆی ئەنجامدا، پێشتر چەندین جار هەوڵی کردەوەی تیرۆریستی لە فەرەنسا داوە.

ئەم رۆژانە سەر بە هەر کووچە و شەقامێکی پاریس دا دەکەیت، پۆلێک سەربازێک بە چەکەوە دەبینی. دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ، حکوومەتی فەرەنسا رێوشوێنی توندی ئاسایشی گرتووەتەبەر و حاڵەتی خۆپارێزی لە دژی تیرۆر لە ئاستی باڵا راگەیاند.

سەرۆکی فەرەنسا ئەوەی خستەڕوو، ئەو گرووپە تیرۆریستییەی هێرشەکەی مۆسکۆی ئەنجامدا، پێشتر چەندین جار هەوڵی کردەوەی تیرۆریستی لە فەرەنسا داوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم گرووپەی، کە پێدەچێت دەستیان لە هێرشە تیرۆریستییەکەی رووسیا هەبێت، لە چەند مانگی رابردووش چەندین جار هەوڵیانداوە لە خاکی فەرەنسا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن، هەربۆیەش ئێمە لەدوای ئەم هێرشە و ئەو هێرشانەی لە شارۆچکەی ئارەس روویاندا، بڕیارماندا زیاتر چاوکراوەبین و رێکاری توند بگرینەبەر، کە لە سەری ساڵی نوێ هەندێک رێکارەکانمان سووکترکردبوون".

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا هۆشداری دەدات، شێوازی کارکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان گۆڕاوە و دەبێت خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن.

جێڕاڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا گوتی، "لەسەر داواکاری سەرۆک ماکرۆن رۆژی پێنج شەممە، 21-03-2024، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی ناوخۆی فەرەنسا و هەموو لایەنەکانی هەواڵگری کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی رێککاری پێویست لە نێو خاکی فەرەنسا بگرینەبەر. گرنگە رووبەڕووی ئیسلامی رادیکاڵ ببینەوە. ئێستا ئەوان لە بری ناردنی خەڵک، داوا لە خەڵکی ناوخۆی وڵاتان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکان. ئەمەش پڕۆسەیەکی تەواو جیاوازە و پێویستە خۆمان لەگەڵ ئەم شێوازە بگونجێنین. وەزارەتی ناوخۆ، پۆلیس و ئاژانسەکانی هەواڵگری بەردەوام کاردەکەن بۆ پاراستنی خەڵکی فەرەنسا".

فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی رووبەڕووی زۆرترین هەڕەشە و کردەوەی تیرۆریستی بووەتەوە. لە 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 300 کەس بەهۆی هێرشی تیرۆریستی جیاوازەوە کوژراون. تەنیا لە 13ی نۆڤێمبەری 2015 بەهۆی هێرشکردنە سەر چەند شوێنێکی فێستیڤاڵی میوزیکی و یاریگەی وەرزشی لە پاریس 138 کەس کوژران. دواتر داعش بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی راگەیاند.