ئۆراڵ چاڵشلار: هەوڵی چارەکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دەدرێت

ئۆراڵ چاڵشلار، نووسەر
ئۆراڵ چاڵشلار، نووسەر

K24 – هەولێر:

نووسەرێک دەڵێت: پێویستە پرسی کورد لە تورکیا چارە بکرێت، هەروەها نابێت بۆ لەمەودوا چەک و توندوتیژی بەرانبەر بە کوردەکان بەکاربهێندرێت.

ئۆراڵ چاڵشلار، نووسەر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئۆپۆزیسیۆن ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت، ڕەنگە ڕۆژئاوا بۆچوونی دەربارەی تورکیا بگۆڕدرێت، هەروەها ئەمەش کاریگەری لەسەر ئابووری دەبێت.

ئەو نووسەرە ئاماژەی بەوەدا، پێویستە پرسی کورد لە تورکیا چارە بکرێت و هەنگاوی گەورەش ئەوەیە کە کوردەکان لە تورکیا بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، نابێت چەک و توندوتیژی بەرانبەر بە کوردەکان بەکاربهێندرێت.

ئۆراڵ چاڵشلار، دەڵێت: ئەگەر هاتوو دەم پارتی پشتیوانی ئیمام ئۆغلۆ بکات سەردەکەوێت، ئەگەرنا موراد کوڕوم سەردەکەوێت، هەروەها لە ساڵی 2019ـش ئیمام ئۆغلۆ کاندید بوو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و کوردەکان دەنگیان پێدا.

ئەو نووسەرە، باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا لە تورکیا کێشەی کورد هەیە، ئەردۆغان پڕۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی باش بردە پێش و هەندێک کەسی لە کوردەکان لە زیندان ئازاد کرد، بەڵام لە ئێستادا هیچ هەنگاوێک بەو ئاراستەیە نانرێت.

ئۆراڵ چاڵشلار، گوتی: ئێستا کوردەکان لە تورکیا لەگەڵ یەکن، چونکە کێشەی ناسنامەیان هەیە زمان، فەرهەنگ و ئەمانە، هاوکات هەوڵ بۆ چارەکردنی کێشەی کورد لەو وڵاتە دەدرێت.