توێژەران کاریگەریی کەمخەویی لەسەر تەمەنی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن

K24 – هەولێر:

توێژەرانی پەیمانگەیەکی سوید ئاشکرایان کردووە، تێکچوونی خەو کاریگەریی لەسەر تەمەنی مرۆڤ دەبێت و وادەکات هەست بە تەمەنی نزیکەی 10 ساڵ گەورەتر لە تەمەنی خۆت بکەیت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) توێژەرانی پەیمانگای کارۆلینسکا لە سوید دەڵێن: تێکچوونی خەو کاریگەریی لەسەر تەمەنمان دەبێت و وامان لێدەکات هەست بە تەمەنی نزیکەی 10 ساڵ گەورەتر لەخۆمان بکەین.

توێژەران داوایان لە 429 بەشداربووی توێژینەوەکە کردووە کە تەمەنی خۆیان بەپێی تێگەیشتن و هەستی بابەتیی خۆیان لە ماوەی 30 ڕۆژدا تۆمار بکەن، هەروەها ڕاپۆرتی ژمارەی ئەو شەوانەش بکەن کە هەستیان کردووە کە بە گوێرەی پێویست نەخەوتوون.

هاوکات توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە تەمەنی ئەو کەسانەی کە لە شەوان کەم دەخەون نزیکەی 2 مانگ و 3 هەفتە گەورەتر دەبێت بۆ هەر ڕۆژێک، واتە زوتر پیر دەبن.

دواتر تیمەکە 182 کەسیان لە توێژینەوەیەکی سنووردارکردنی خەو تۆمارکرد، کە تێیدا ڕێگەیان بە کەسەکان دا تەنیا لە ماوەی دوو شەودا هەر شەوی چوار کاتژمێر بخەون، ئەمەش وایکرد خەڵکەکە هەست بە تەمەنی 4.44 ساڵ گەورەتر بکەن لەو کەسانەی کە شەوانە 9 کاتژمێر دەخەون.