کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: تاوەکو ئێستا دوو لایەنی سیاسیی و دوو هاوپەیمانییەتی لیستی کاندیدانیان پێشکەش کردووە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

بەرپرسی تۆماری لایەنە سیاسییەکان و کاندیدان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا دوو لایەنی سیاسیی و دوو هاوپەیمانییەتی، لیستی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی  تۆماری لایەنە سیاسییەکان و کاندیدان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی پێنجشەممە، دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی کاندیدانی لایەنە سیاسییە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەو بەپرسەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستە تەنیا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بەرەی تورکمانی، هاوپەیمانی سەردەم، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان و 12 کاندیدی سەربەخۆ ناویان پێشکەش کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند: زیاتر لە 357 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە: 357 هەزار و 394 کەس کە دەکاتە نزيكەى %12.6ـی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە: تەنیا 5%ـی دەنگدەران دەتوانن بەبێ  پەنجەمۆر دەنگ بدەن.

پێشتریش پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران ڕایگەیاندبووە: زیاتر لە 232 هەزاری دەنگدەری پارتی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان لە ئامێرەکانی دەنگدان هەیە و نیگەرانیی خۆشی بۆ ئەو مەبەستە دەربڕیوە.

هەروەها گوتەبێژی کۆمیسیۆن باسی لەوەشکردووە: بنەما لەسەر نووسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ژمارەی کورسییەکان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و هەڵسەنگاندنی ژمارەی دەنگدەران بووە لە سنووری ئەو پارێزگایە، جەختیش لەوە دەکاتەوە، لیژنەی تەکنیکی کۆمیسیۆن، دوو نوێنەری هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە، کۆمیسیۆن تەواوی ئامادەکاری لەرووی کادر و، ئامێرەکانەوە کردووە بۆ هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی پەرلەمانی وکوردستان. دەشڵێت دوا وادە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان رۆژی پێنج شەممە 28ـی ئادارە.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆن کردبوو ڕایگەیاندبوو 20%ـی ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، کێشەی پەنجەمۆریان هەیە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەریش کارتی دەنگدانیان نییە کە دەکاتە ڕێژەی 26%ـی دەنگدەران.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەک جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە لە (29ـی شوباتی 2024) تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێ ملیۆن و 789 ھەزار و 405 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگدەرانی لەدایکبووی ساڵی 2006ـەوە کە ژمارەیان 150 هەزار دەنگدەرە. هەروەها تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 350 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە.

ڕۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد کە ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت. لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگىی له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لە
ڕۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.