په‌رله‌مانی فەرەنسا یاسای جیاکاریی لەسەر بنەمای ڕه‌نگ و ستایلی قژ قەدەغە دەکات

په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا
په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا

K24 - هه‌ولێر:

په‌رله‌مانی فەرەنسا ڕەشنووسی یاسایەک پەسەند ده‌كات کە جیاکاریی لە شوێنی کاردا لەسەر بنەمای ڕه‌نگی قژ قەدەغە دەکات، کە زۆربەی کات ئافره‌ته‌ ڕه‌شپێسته‌كان قوربانی ئه‌و جیاكارییه‌ن.

په‌رله‌مانی ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد کە جیاکاریی لە شوێنی کاردا لەسەر بنەمای ڕه‌نگی قژ قەدەغە دەکات، کە به‌گوێره‌ی قسه‌ی لایه‌نگرانی یاساكه‌ زۆربەی کات کاریگەری له‌سه‌ر ئافره‌ته‌ ڕه‌شپێسته‌كان هه‌یه‌ و ئه‌وان قوربانی ئه‌و جیاكارییه‌ن.

ئۆلیڤیێر سێرڤا، ئه‌ندامی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نیشتمانی هەرێمی گوادالۆپی کاریبی فەرەنسی کە پڕۆژە یاساكه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌، ڕایگەیاندووە، یاساکە سزای هەر جیاکارییەک دەدات لە شوێنی کاردا لەسەر بنەمای "شێوازی قژ، ڕەنگ، درێژی یان كورتی و هه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار."

لە نزیکەی 20 ویلایەتی ئەمریکادا یاسای هاوشێوە هەیە کە جیاکاریی لەسەر بنەمای قژ وەک دەربڕینی ڕەگەزپەرستی پێناسە دەکات. هاوكات کۆمیسیۆنی یەکسانی و مافی مرۆڤ لە بەریتانیادا ڕێنماییەکانی دژی هەڵاواردن لە قژ لە قوتابخانەکاندا دەرکردووه‌.

سێرڤا کە ڕەشپێستە، ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرجار پێش چاوپێکەوتنی کار، ئافره‌تانی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی هان دەدرێن شێوازی قژیان بگۆڕن. هەروەها لایەنگرانی پڕۆژەکە دەڵێن ئەم جیاکارییە بۆ ئەو پیاوانەش دەگرێتەوە کە قژیان به‌ ستایلی به‌ناووبانگی ئه‌فریقی ستایل ده‌كه‌ن.

ڕەشنووسی یاساکە لە كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا بە زۆرینەی دەنگی 44 دەنگ بەرامبەر بە دوو دەنگی نەخێر پەسەند کرا. یاساکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی پیران دەکرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ یه‌كلایی ببێته‌وه‌.

سێرڤا کە لە پێشنیازەکەیدا جیاکارییەکانیشی خستووەتە ڕوو کە لەلایەن کەسانی قژزەرد و قژسوور و سەرڕووتەکانەوە تووشی بووە، ئاماژە بە توێژینەوەیەکی ئەمریکی دەکات کە بەپێی ئەو توێژینەوەیە 25%ـی ئافره‌تانی ڕەشپێست کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، گوتوویانه‌ کە بەهۆی شێوازی ستایلکردنی قژیان لە کارێکدا لە کارەکان دوور خراونەتەوە.