لە هەفتەیەکدا بەهای 100 دۆلار زیاتر لە سێ هەزار دینار دابەزی

دینار و دۆلار
دینار و دۆلار

K24 – هەولێر:

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زۆرترین هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینی و دوێنێ پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، بەهای 100 دۆلار بۆ 146 هەزار و 750 دینار دابەزی.

خانەی 146 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک نزمترین ئاستە کە بەهای دۆلار لەماوەی زیاتر لە 10 مانگی رابردوودا بەخۆیەوە بینیوە. لە سەرەتای هەفتەکەشدا، بەهای هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 150 هەزار دینار بوو، بەڵام بەشێوەیەکی خێرا رووی لە دابەزین کرد، بەشێوەیەک لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بەهای هەر 100 دۆلارێک بە زیاتر لە سێ هەزار دینار دابەزیوە.

دابەزینی بەهای دۆلار هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، کە بڕیارە لە 15ی مانگی داهاتوو ئەنجامیبدات.

سەرەڕای ئەوەش، فاکتەرێکی دیکەی بەهێز کە وایکرد بەهای دۆلار دابەزێت، لەماوەی رابردوودا، خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

بانکی ناوەندیی عێراق لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، بەشێوەیەکی گشتی ملیارێک و 259 ملیۆن و 432 هەزار و 212 دۆلاری خستووەتەڕوو. لەو بڕەشدا؛ 72 ملیۆن و 838 هەزار و 920 دۆلاری بەشێوەی کاش بووە. بەو پێیەش تێکرای خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە ماوەی پێنج رۆژی هەفتەکەدا، زیاتر بووە لە 251 ملیۆن دۆلار. بەشێوەیەکی گشتیش، بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو خستنەڕووی دۆلار بە رێژەی 57% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

بەهای فەرمیی دۆلار لە ماوەی نزیکەی 30 ساڵی رابردوودا، هەڵکشان و دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک؛ بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی تا ساڵی 2004 جێگیر بووە و بەهای هەر 100 دۆلارێک 31 دیناری عێراقی بووە. لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، سێ سفر زیادکرا بۆ دینار، بەو هۆیەوە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە.

ساڵی 2004 تا ساڵی 2007 بەهای فەرمیی دۆلار لە نزیکەی 146 هەزار دینار بوو. هەروەها ساڵی 2007 بەهای دۆلار بۆ 116 هەزار و 118 هەزار دینار دابەزێنرا، ئەوە بەردەوام بوو تا ساڵی 2020.

لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، داهاتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەوە، مەترسی ئەوە دروستبوو کە حکومەتی عێراق نەتوانێت مووچە دابەش بکات، بۆیە بەهای دۆلاری بەرزکردەوە بۆ 146 هەزار دینار، بەڵام دواتر و لە کۆتایی ساڵی 2022 بەهۆی ئەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا گەیشتبووە سەروو 170 هەزار دینار، بانکی ناوەندیی ناجار بوو جارێکی دیکە بەهای فەرمیی دۆلار دابەزێنێت و ئێستا بە نرخی فەرمی، بەهای 100 دۆلار لە بانکی ناوەندیی بەرامبەرە بە 131 هەزار دیناری عێراقی.