ئەردۆغان: هاوینی داهاتوو، کێشەی ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ عێراق چارە دەکەین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 - هەولێر

 سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "جگە لە تیرۆریستان"، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەن و کەسێکدا دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت ناوچەیەکی ئەمنی بە قوڵایی 30-40 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی سووریا دروست بکەن.

لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئاماده‌ین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەبوارە جیاوازەکاندا بکەین، جگە لە تیرۆریستان و ئەو لایەن و کەسانەدا نەبێت کە لەژێر پەردەوە پشتیوانیی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەن، یان ڕێنمایی لە دوژمنانی تورکیا وەردەگرن".

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "تورکیا 40 ساڵە باجی تیرۆر دەدات؛ ڕێگە نادەین ئەمە بەردەوام بێت". جەختیشی لەوە کردەوە، "هاوینی داهاتوو کێشەی ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ عێراق چارە دەکەین". هەر بە گوێرەی لێدوانەکانی ئەردۆغان "تورکیا لە پلانیدایە ناوچەیەکی ئەمنی بە قوڵایی 30-40 کیلۆمەتر  لەسەر سنوورەکانی سووریا دروست بکات".

لە 21-22ـی شوباتی ساڵی 2015، سوپای تورکیا لەژێر دروشمی "سوڵتان سلێمان" ئۆپەراسیۆنێکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەست پێکرد بۆ گواستنەوەی گۆڕی سوڵتانێکی سەردەمی عوسمانییەکان بەناوی "سوڵتان سلێمان" کە داعش هەڕەشەی تەقاندنەوەی گۆڕەکەی کردبوو.

لە 24ـی ئابی 2016 -31ـی ئاداری 2017، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی بەناوی "قەڵغانی فورات" بە بەشداری 1500 چەکداری سوپای سووریای ئازاد دەست پێکرد و دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکدا داگرت کە پێشتر، بەشێک لەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی "یەپەگە" و بەشێکی دیکە لەژێر کۆنترۆڵی "داعش" دابوو.

لە 20ـی کانوونی یەکەم--مانگی ئاداری 2018، سوپای تورکیا هاوتەریب لەگەڵ 25 هەزار چەکداری سوپای سوریای ئازاد و ژمارەیەک لە گروپە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتوون"ـیان ڕاگەیاند و، شاری "عەفرین"ـیان لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیر کرد.

لە 9-23ـی تشرینی یەکەمی 2019، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، ئۆپەراسیۆنی "کانیی ئاشتی"یان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند بە مەبەستی دەرکردنی هێزەکانی "یەپەگە"بوو لەو ناوچانە و دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو بە پانتایی 30 کیلۆمەتر.

لە 20ـی تشرینی دووەمی 2022 ، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بەناوی "چنگی شمشێر" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند کە بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، لە تۆڵەی تەقینەوەکەی 13ـی کانوونی یەکەمی ئیستانبوڵ بوو کە "یەپەگە" بێبەریی خۆی لەو تەقینەوەیە ڕاگەیاند.

لەماوەی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوکاریی سەربازیی و ماددیی پێشکەش بە "یەپەگە" دەکات و داوای لە واشنتن کردبوو کە هاریکاری و پشتیوانییەکانی بۆ "یەپەگە" ڕابگرێت. چونکە، بە گوتەی خۆی پێچەوانەی هاوپەیمانێتی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.