ئەمەریکا هۆشداری بە چین دەدات و لەسەر گەشەی ئابووریش ڕێک دەکەون

K24 - هەولێر

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە دانوستانەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا جانێت یێڵن، لەگەڵ هاوتا چینییەکەی هی لیفنگ لە گوانگژۆ، هەردوولا ڕێک کەوتوون لەسەر گفتوگۆکردنی چڕ لەسەر "گەشەسەندنی ئابووریی هاوسەنگ".

ئەمڕۆ شەممە، 6-4-2024، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا جانێت یێڵن لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "ئەم گفتوگۆیانە ئاسانکاری دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کەموکوڕیەکانی هاوسەنگیی ئابووریی، دەشڵیت: "بەنیازم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ داکۆکیی لە مەرجی دادپەروەرانە بۆ کرێکاران و کۆمپانیاکانی ئەمەریکا".

یێڵن، هۆشداری دا لە دەرئەنجامە سەختەکان، ئەگەر بزانرێت کۆمپانیا چینییەکان هاوکاریی ڕووسیا دەکەن لە شەڕەکەی دژی ئۆکرانیا، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە پەکین یارمەتی ڕووسیا دەدات کە کەرتی بەرگری سەربازی خۆی بنیات بنێتەوە.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، "جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆمپانیاکان بە کۆمپانیاکانی چینەوە، نابێت پشتگیریی ڕووسیا بکەن لە دژی ئۆکرانیا، لەنێویاندا پاڵپشتیی پیشەسازی بەرگری ڕووسیا، دەرئەنجامی سەختی لێ دەکەوێتەوە".