عارف ڕوشدی: سەرۆکی حکوومەت خۆڕاگر بوو و جوامێرانە لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە

K24 – هەولێر

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، پرسێکی ناوخۆیی عێراق بوو، ئەگەر هەر لایەنێک ململانێ لەگەڵ هەرێم بکات نەدەبوا بودجە و قوتی خەڵک بکاتە ئامانج.

عارف ڕوشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، پرسێکی ناوخۆیی عێراق بوو، ئەگەر هەر لایەنێک ململانێ لەگەڵ هەرێم بکات نەدەبوا بودجە و قوتی خەڵک بکاتە ئامانج. چونکە هەر بۆ ناوبانگی خۆیان خراپە.

عارف گوتیشی: ئێستا جیهان بووەتە گوندێکی بچووک، هەروەها ئەو داخوازییانەی ئێمە لەسەر بودجە و مووچە بۆ هەموو جیهان ئاشکرا کراوە، بۆیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا خاڵێکی زۆر نەرێنی بوو بۆ حکوومەتی عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێداگری سەرۆکی حکوومەت و تیمەکەی، ئەرکەکانیان بەباشی جێبەجێ کرد و نەچوونە ژێر باری بڕیارە ناڕەواکان، چونکە ئەوان دەیانەویست بابەتی مووچە و بودجە بکەنە ڕێگەیەک بۆ دەستشکاندنی هەرێمی کوردستان.

ڕاویژکارەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: سەرۆکی حکوومەت خۆڕاگر بوو و جوامێرانە لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە، هەروەها ئەو هاوکارییەی وەریگرتووە هاوکاریی میللەت بووە، دواتر هاوکاری پارتی و لایەنە نیشتیمان پەروەرەکان بووە.