عێراق 10 ملیۆن لیتر سووتەمەنی بۆ غەززە دەنێرێت

شەڕ لە غەززە بەردەوامە و رۆژانە خەڵک ئاوارە دەبێت (وێنە: AFP)
شەڕ لە غەززە بەردەوامە و رۆژانە خەڵک ئاوارە دەبێت (وێنە: AFP)

K24 – هەولێر

حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بڕیاریداوە 10 ملیۆن لیتر سووتەمەنی وەک هاوکاریی بۆ خەڵكی کەرتیی غەززە بنێرێت و پێشوازیش لە بریندارانی فەڵەستینی بکات.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، وەک هاوکارییەک بۆ گەلی فەڵەستین ڕەزامەندییان داوە لە سەر ناردنی 10 ملیۆن لیتر سووتەمەنی. هەر لە چوارچێوەی هاوکارییەکاندا حکوومەتی عێراق ئامادەیە پێشوازی لە برینداران غەززە بکات و لە نەخۆشخانە حکوومیی و تایبەتەکاندا تیماریان بکات.

ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی شەش مانگ بە سەر شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل. بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، تا وەکوو ئێستا زیاتر 33 هەزار و 175 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 76 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی بانکیی نێودەوڵەتی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیانەکانی ژێرخانی کەرتیی غەززە بە 18.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت کە بەرانبەرە بە لە %97ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی کەرتەکە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە زیان بەر 72%ـی باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون کەوتووە، هەروەها کەرتی تەندروستی بە ڕێژەی 84%زیانی بەرکەوتووە.