وەزارەتی پلاندانانی عێراق: بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان دابین نەکراوە

شاری بەغدا
شاری بەغدا

K24 - هەولێر:

پڕۆژە تەواونەکراوەکان ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکانی عێراقن، بە گوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەزار و 452 پڕۆژە کارەکانیان تەواونەکراون و پەکخراون.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان زیاتر لە 24 ترلیۆن دینارە و ئەوەی خەرجکراوە تەنیا 10 ترلیۆن دینارە.

ماوەی چەندین ساڵە پڕۆژە تەواونەکراو و کەڵەکەبووەکان بەرۆکی عێراقیان گرتووە، حکوومەتە یەک بەدوای یەکەکانیش نەیانتوانیووە، کێشەکە چارەسەر بکەن. کابینەی محەمەد شیاع سوودانیش چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەی لە پێشیەنی کارەکانی داناوە و جەختی لە کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە کردووتەوە.

هۆکاری زۆری پڕۆژە تەواونەکراوەکان بۆ نەبوونی چاودێری و گەندەڵی لە جێبەجێکردندیاندا دەگەڕێتەوە، بە گوێرەی ئامارەکانی لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە؛ زۆرینەی پڕۆژەکانی حکوومەتەکانی رابردوو 30% بۆ 35%یان جێبەجێکراوە، بەشێکیان لە پێش 2014ـەوە کارکردن تیاندا وەستاوە، ئەمە جگە لەوەی هەزار و 600 پڕۆژە پەکخراون و تەواونەکراون.

وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراقیش، لەبارەی پڕۆژە تەواونەکراوەکانەوە دەڵێت، ژمارەی پڕۆژەکان لە هەزار و 452 پڕۆژە گەیشتووەتەوە 1000 پڕۆژە و پلان وایە دوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان تاوەکو ساڵی 2025 کۆتایییان پێ بهێنرێت و یەکلایی بکرێنەوە.

وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی خستووەتەڕوو، پڕۆژە تەواونەکراوەکان بوارەکانی، گواستنەوە و گەیاندن، کەرتی خانووبەرە، خزمەتگوازری گشتی، کشتوکاڵ و گەشەپێدان دەگرنەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی 10 ترلیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان خەرجکراوە، بەڵام بودجەی پێویستی بۆ تەواوکردن و قەرەبووکردنەەی زیانەکانی دوای وەستان زیاتر لە 24 تریلیۆن دینارە. جەختیش لەوە دەکاتەوە، بەشێک لە پڕۆژەکان بەهۆی کەمی ڕێژەی جێبەجێکردن هەڵدەوەشێنرێنەوە و بەشێکیشیان دەدرێنە کەرتی تایبەت.

هەر چەندە داهاتەکان لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق بە 134 تریلیۆن دینار مەزەندە کراون و بەڵام خەرجییەکان نزیکەی 200 تریلۆن دینارن و ئەو  47  تریلیۆن دینارەی بۆ پڕۆژەکانی وەبەر‌هێنان کراوە و لە بڕی پێویست کەمترە و پڕۆژەکانیش لە ئاستی چاوەڕوانیدا نین.