لویس ساکۆ گەڕایەوە بەغدا
K24 - هەولێر
لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق کاردیناڵ لویس ساکۆ گەڕایەوە بارەگاکەی خۆی لە بەغدا.
کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان بڵاویکردەوە، لەسەر داوای تایبەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان گەڕایەوە بارەگاکەی خۆی لە بەغدا.
کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان باسی لەوەش کردووە، شاندێک بە نوێنەرایەتی سوودانی لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لە لویس ساکۆ کردووە و یاوەرییان کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ بارەگاکەی خۆی.
ئەمە لە کاتێکدایە لەمانگی حەوتی ساڵی رابردوو بەهۆی لێسەندنەوەی مەرووسمی کۆماریی لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ دەستنیشانکردنی وەک پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان، لویس ساکۆ بەغدای بەجێهێشت.