راستی نزیکبوونەوەی زینەدین زیدان لە راهێنەرایەتی بایرن میونشن

زینەدین زیدان راهێنەری فەرەنسی
زینەدین زیدان راهێنەری فەرەنسی

 

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان راستی گفتوگۆکانی یانەی بایرن میونشن لەگەڵ ئەفسانەی فەرەنسی زینەدین زیدان ئاشکرا دەکەن، لەبارەی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانە ئەڵمانییەکە و شوێنگرتنەوەی تۆماس توخێل.

یانەی بایرن میونشن بەدوای راهێنەرێکی نوێ دەگەڕێت بەڵام لەم مانگە گورزێکی گەورەی بەرکەوت و یەکێک لە ئامانجەکانی لەدەست دا، جوڵیان ناگڵسمان بڕیاریدا گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نوێ بکاتەوە و ئەم راهێنەرە 36 ساڵییە تا دوای مۆندیال لەگەڵ مانشافتەکان دەمێنێتەوە، کە بڕیارە ئەم پاڵەوانیەتییە بە هاوبەشی لە وڵاتانی ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا لە ساڵی 2026 بەڕێوەبچێت.

تۆڕی "سکای ئەڵمانیا" دووپاتیدەکاتەوە تا ئەم ساتە هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە کە لە ئیسپانیا بڵاوبووەتەوە لەبارەی گفتوگۆی نێوان بایرن میونشن و زینەدین زیدان.
سەرچاوەکە دووپاتیدەکاتەوە زینەدین زیدان لە لیستی بەربژێرانی بایرن نییە بۆ راهێنەرایەتی یانەکە، کە زیدان لەوەتەی هاوینی ساڵی 2021 دوای جیابوونەوەی لە ریاڵ مەدرید بێ کارە.

بایرن بە دۆخێکی باش تێناپەڕێت و تا ئێستا لە نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا بێبەش بووە و لە قۆناغی پیش کۆتایی چامپیۆنزلیگیش بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاریی دەکات.