نوێنەرانی ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاریی ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوانی پەسەند کرد

ڕووسیا: دڵنیابووین لەوەی ئەمەریکا پاکێجی پشتیوانیی چەتە نازییە نوێیەکان پەسەند دەکات
باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا
باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ پاکێجێکی بەهای 95 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی و پشتیوانیی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان پەسەند کرد، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە و دەڵێ "پاکێجەکە ڕۆڵێکی گرنگی لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕووسیا و هێرشەکانی ئێران و بریکارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەبێت"، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیاش دەڵێ "دڵنیابووین لەوەی ئەمەریکا پاکێجی پشتیوانیی چەتە نازییە نوێیەکان پەسەند دەکات".

ئەو پاکێجە هاوکارییەی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوه، بڕی 60.84 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا تەرخانکراوە و 23 ملیار دۆلاریشی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەمەریکایی، هەروا 26 ملیار دۆلاری دیکەی پاکێجەکە هاوکاریی و پشتیوانییە بۆ ئیسرائیل و 8 ملیار و120 ملیۆن دۆلاریش هاوکارییە بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا له هەرێمەکانی ئۆقیانووسی هیندی و هێمن، لە نێویشیاندا تایوان.

هەر لە بارەی پەسەندکردنی پاکێجەکە، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ: پێشوازی لە تێپەڕاندنی پاکێجی ئاسایشی نیشتمانی دەکەم کە یارمەتی وەزارەتی بەرگری دەدات بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا، ئیسرائیل و بەهێزکردنی ئاسایش لە هەرێمە هاوپەیمانەکان لە ئۆقیانووسی هیندی و هێمن.

ئاماژەشیداوە، پەسەندکردنی یاساکە دوو ئاراستەیە، یەکێکیان زیادکردنی هاوکارییەکانە بۆ یارمەتیدانی ئاسایش و ڕزگارکردنی گیانی خەڵکی ئۆکرانیا، ئاراستەکەی دیکەشی بۆ بەرگرییە لە خاکی ئۆکرانیا بەرانبەر بە هێرش و دوژمنکارییەکانی ڕووسیا.

دەشڵێت: پەسەندکردنی پاکێجی پشتیوانیی ئیسرائیل بڕیاڕێکی باشە بۆ بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەی هێرش و هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە میلیشیا بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، بە تایبەت بۆ سەر ئیسرائیل.

لە بارەی پەسەندکردن و تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکەی پشتیوانی سەربازیی و دارایی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، دیمیتری مێدڤیدڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕەخنەی توندی لە تێپەڕاندنی ئەو پاکێجە گرتووە و نووسیویەتی" دڵنیا بووین و هیچ کەسێکیش گومانی نەبوو لەوەی یاسادانەرانی ئەمەریکا دواجار پاکێجی هاوکاریی چەتە نازییە نوێیەکان پەسەند دەکەن".

هەروەها نووسیویەتی: ئەمەریکا بە پەسەندکردنی ئەو پاکێجە ڕەزامەندی داوە لە سەر درێژە پێدانی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان گەلێکی دابەشکراو کە پێشتر یەکگرتوو بوون، هاوکات بڕیاری داوە لە سەر ئەوەی ژمارەی قوربانییەکان بەهۆی جەنگەوە زۆر زیاتر بێت.

لەلایەن خۆیەوە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای دەستخۆشیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی، داوای کردووە پەلە بکرێت و پاکێچەکە بنێرنە کۆشکی سپی بۆ ئەوەی ئیمزای بکات و ببێتە یاسایەکی بەرکار و پەلە بکرێت لە جێبەجێ کردنی.