ژمارەیەک دووکاندار: ئاگرەکەی بەردەم بازاڕی نیشتمانی هەولێر بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە

ژمارەیەک دووکانی بەردەم بازاڕی نیشتمانی هەولێر دوای ئاگرەکەی شەوی ڕابردوو (وێنە: کوردستان24)
ژمارەیەک دووکانی بەردەم بازاڕی نیشتمانی هەولێر دوای ئاگرەکەی شەوی ڕابردوو (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

ژمارەیەک لەو دووکاندارانەی شەوی ڕابردوو ئاگر لە دووکانەکانیان لە بەردەم بازاڕی نیشتمانی هەولێر کەوتەوە، دەڵێن، ئاگرەکە "بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە". بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێریش ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی 10 دووکان سووتاون.

درەنگانی شەوی سێشەممە، 23-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەک، ئاگر لە ژمارەیەک دووکان و کەپری بەردەم بازاڕی نیشتمانی شاری هەولێر، کە جلوبەرگیان دەفرۆشت؛ کەوتەوە و دوای نزیکەی کاتژمێرێک، تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان ڕاگەیاند.

لەبارەی هۆی ئاگرکەوتنەوەکە، بە گوتەی بەشێک لەو خاوەن دووکان و کەپرانەی قسەیان بۆ شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24 کرد؛ "ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە". ئاماژەیان بەوەش کرد، "بەشێکی زۆری دووکانداران کەمترخەم بوون، چونکە کاتێک چوونەتەوە ماڵەکانیان، کارەبای دووکانەکانیان نەکوژاندووەتەوە".

یەکێک لە دووکاندارانەی قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 کرد، گوتی، لە ساڵی هەشتاکانەوە لە بەردەم بازاڕی نیشتمانی شاری هەولێر کار دەکات و کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتەوە لە ماڵ بووە. ئەوەشی خستەڕوو، "بەشێکی زۆری ئەو ئاگرانەی لە بازاڕەکانی هەولێر دەکەونەوە، بەهۆی کەمتەرخەمی دووکانداران خۆیانە". 

 

 

دووکاندارێکی دیکەی بەردەم بازاڕی نیشتمانی هەولێر گوتی: "تەنیا دوو پارچە قەمیسم لەناو ئاگرەکە دەرچووە و نزیکەی 16 دەفتەر دۆلارم زەرەرم کردووە". دووکاندارێکی دیکەش ئەوەی خستەڕوو: "پارەم ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی مۆبایل بۆ کچەکەم بکڕم، بەڵام یەک دەرزی لە دووکانەکەم دەرنەچووە".

لەلایەن خۆیەوە ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تیمەکانیان لە شوێنی کەوتنەوەی ئاگرەکە ئامادەن بۆ ئەوەی پڕۆسەیەکی فراوانی پاککردنەوەی ئەو دووکان و کەپرانە دەستپێبکەن کە لە ئەنجامی ئاگرەکەی شەوی ڕابردوو سووتاون یان زیانیان بەرکەوتووە.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا بە دروستی دیار نییە چەند دووکان لە ئەنجامی ئاگرەکەی شەوی ڕابردوو سووتاون، "بە بڕوای من، نزیکەی 10 دووکان و کەپر سووتاون". گوتیشی، "سووتانەکە گشتی نییە، واتا هەموو ئەو جلوبەرگ و کەلوپەلانەی نێو دووکانەکان بوون، بە تەواوی نە سووتاون و توانراوە بەشێکی زۆریان لە ئاگرەکە بپارێزرێن و بە کەڵکی فرۆشتنەوە دێن".

ژیار جەلال لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیشیکردەوە، تاوەکو ئێستا ڕاپۆرتی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هۆی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردوو دەرنەچووە، بۆیە بە تەواوی نازانن هۆی ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، "بەشێک لە دووکانداران دەڵێن، بە هۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە".

 

 

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگر لە چەند كەپر و دووکانێکی بەردەم بازاڕی نیشتیمان كەوتەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە شوێنی ڕووداوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە سەرەتای کەوتنەوەی ئاگرەکە، بەداخەوە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە کە بازاڕی نیشتیمان سووتاوە، کەچی ئێستا خۆتان دەیبینن، کە چەند کەپر و عارەبانەیەکی بەردەم بازاڕەکە سووتاوە".

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "لە چرکەساتی یەکەمی کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەكانی بەرگریی شارستانیی هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە ماوەیەكی كەم توانیان بەبێ كەوتنەوەی هیچ زیانێكی گیانی ئاگرەكە لە زوترین کاتدا كۆنتڕۆلی بكەن".

ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستی پێکردووە و دواتر هۆکارەکەی لەلایەن بەرگری شارستانی ڕادەگەیەندرێت".