بە لێدانی کێڵگەی کۆرمۆر هەوڵ دەدرێت ڕێگریی لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کورستان بکرێت

کێڵگەی غازی کۆرمۆر
کێڵگەی غازی کۆرمۆر

K24 - هەولێر

جارێکی دیکە ملیشیا لە یاسا دەرچووەکان بە هێرش کردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەپۆکی خۆیان لە یەکێک لە گەورەترین ژێرەخانەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان دا. 

میلیشیا و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بە درۆن هێرشیان کردە سەر چەند کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە ئەنجامدا چوار کارمەندی کێڵگەکە شەهید بوون. ئەمە جاری دووەمە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی درۆنی و مووشەکی دەکرێتە سەر کێڵگەکە.

هێرشبەرەکان دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە بەر بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کورستان بگرن، هەر لەبەر ئەوەش گەورەترین سەرچاوەی دابینکەری کارەبایان کردووەتە ئامانج. دەسەڵاتدارانی عێراقیش لەجیاتی دۆزینەوەی چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کۆتایهێنان بەم  دەستدرێژییانە وەک هەموو جارێک ئەم جارەش لیجنەی بۆ پێکهێناوە.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی رۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.

 بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەهۆی گرنگییە ئابوورییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناو بەناو ئەم کێڵگەیە لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە دەکرێتە ئامانج، گەورەترین هێرشەکانیش لە 22 حوزەیران، 12ی تشرینی یەکەمی  2022، 26ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و 25ی نیسانی ئەمساڵ بوون.