قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا هاووڵاتییانی نیگەران کردووە

دیمەنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا
دیمەنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا

K24 - هەولێر

سەرەڕای بڕیاری گۆڕینی کاتی دەوام لە نێوان وەزارەتەکاندا، بەڵام شەقامەکانی بەغدا لە جاران زیاتر قەرەباڵغ بوون و هاووڵاتیان کارەکانی حکوومەت بە شکستخواردوو وەسف دەکەن. دەشڵێن، پێویست بوو حکوومەت هەنگاوی کاریگەرتر بگرێتەبەر و چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە.

سەرەڕای گۆڕینی کاتی دەوامی نێوان وەزارەت و دامودەزگاکان، بەڵام ڕۆژانە لە زۆرینەی شەقامەکانی بەغدا قەرەباڵغی بەدی دەکرێت. ڕائید مەجید، قوتابی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدایە و، باس لە کاریگەرییە خراپەكانی قەرەباڵغی شەقامەکان دەکات.

رائید مەجید باس لەوە دەکات، "کارمەندان زۆرن و پێکەوە دەچنە دەرەوە، ئێستاش شەقامەکان بە ئۆتۆمبێل گیراون تەنانەت ئەوانەی دەوامی ئێوارانیان هەیە بەهەمان شێوە تووشی ئەم قەرەباڵغییە دەبن".

فەرمانبەران، زۆرترین کاریگەری بڕیارەی گۆڕینی کاتی دەوامیان لەسەرە، ئەوان هەموارکردنەوەی کاتەکانی دەوام بە شکست ناودەبەن، بەڕاستی دەبێت حکوومەت چارەسەری ڕیشەیی ئەنجام بدات.

ئەیووب حوسێن، فەرمانبەرە و دەڵێت، "بە ڕاستی ئەمە شکستێکی گەورەیە، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان 7 ملیۆن و نیویان تێپەڕاندووە، ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی نین و هەرماڵێک دوو یان سێ ئۆتۆمبێلی هەیە".

سەلمان عەباس، فەرمانبەرێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "حکوومەت هیچ پلانێکی تۆکمەی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە نییە، پێویستە ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان نەهێڵدرێن بۆئەوەی قەرەباڵغی شارەکان کەم بکرێتەوە".

لە بەغدا زیاتر لە 4 ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن، لە کاتێکدا توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی شارەکە لە 400 هەزار ئۆتۆمبێل تێناپەڕێت، هەر هەنگاوێکی پینەوپەڕۆ کردن بۆ ئەو مەبەستە بنرێت، هیچ دەرئەنجامێکی نابێت چونکە کێشەکە پێویستی بە چارەسەری ریشەیی ھەیە.