نەورۆز و زاخۆ شەڕی بەدەستهێنانی سێ خاڵ دەکەن

خولی ئەستێرەکانی عێراق
خولی ئەستێرەکانی عێراق

دوای کۆتایی هاتنی گەڕی 25 خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ گەڕێکی نوێی خولەکە دەستپێدەکات و دوو نوێنەری هەرێمی کوردستان، واتە نەورۆز و زاخۆ رووبەڕووی رکابەرەکانیان دەبنەوە.

ئەمڕۆ لە یەکەم یاریی گەڕی 26 لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی، کاتژمێر 15:30 خولەک رووبەڕووی شوڕتە پێشەنگی خولەکە دەبێتەوە. نزار مەحروس راهێنەری سووری نوێنەرەکەی شاری سلێمانی، هەموو ئامانجیەتی لە دەرەوەی یاریگای خۆیان، دەست بۆ کارێکی گەورە بەرێت و پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق بوەستێنێت.

نەورۆز لە کۆی 24 یاریی ئەم وەرزەی لە خولەکە، خاوەنی 10 بردنەوە و 7 دۆڕان و 7 بەرامبەربونە و بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ، لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی دێت، بە بردنەوەیان لەم یارییە، بە شێوەیەکی کاتی بۆ پلەی شەشەم سەردەکەون، بە پێچەوانەوە لە ئەگەری دۆڕانیان، رەنگە تاوەکو پلەی نۆیەم دابەزن.

هەردوو یانەی نەورۆز و شوڕتە لە مێژووی خولەکانی عێراق، تەنها 5 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو 5 یارییەش نەورۆز بردنەوەیەک و دۆڕانێک و سێ بەرامبەربوونی تۆمار کردووە.

لە یارییەکی دیکەی گەڕی 26 خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ ئەمڕۆ کاتژمێر 18:00 بە کاتی هەولێر، لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفتی بەسڕە دەبێتەوە.

یانەکەی شاری دەلال لە باورودۆخێکی تەواو جیاواز رووبەڕووی نوێنەرەکەی شاری بەسڕە دەبێتەوە، ئەوان تاکە یانەن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لەمساڵ واتە 2024 هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە.

زاخۆ لەوەتەی دۆڕانەکەی بەرامبەر کارەبا رۆژی 31/12/2023 لە گەڕی 12ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە، لەو کاتەوە 12 یارییان کردووە و لە 8 یاریی براوە بوینە و لە 4 یاریش یەکسانبوینە. هەروەها زاخۆ لە سێ یاریی رابردوو لەسەر یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە.

ئەم وەرزە یانەکەی شاری دەلال لە کۆی 24 یاریی خاوەنی 11 بردنەوە و 3 دۆڕان و 10 بەرامبەربوونن و بە کۆکردنەوەی 43 خاڵ، لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە دێن، لە بەرامبەردا نەفتی بەسڕە ئەو یانەیەش خاوەنی 22 خاڵە و لە پلەئ 17 ریزبەندی دێت.

زاخۆ ئەم وەرزە 11 یاریی لە یاریگای خۆی کردووە و تەنها لە یەک یاریی ئەویش بەرامبەر کارەبا لە گەڕی 12 دۆڕاوە، لە بەرامبەردا 4 یاریی براوە بووە و کە لە 6 یاریش یەکسانبووە.

هەردوو یانەی زاخۆ و نەفتی بەسڕە پێشتر لە خولەکانی عێراق 17 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، زاخۆ 4 یاریی بردووەتەوە و لە بەرامبەردا 7 یاریی دۆڕاندووە. هەروەها زاخۆییەکان 8 یارییان لە یاریگای خۆیان بەرامبەر نەفتی بەسڕە کردووە، خاوەنی 3 دۆڕان و 2 بردنەوە و 3 یەکسانبوونن.