وەزارەتی كارەبا: بۆ چارەسەری كێشەكان پێشنیارو داوامان پێشكەش بەئەنجوومەنی وەزیران كردووە

K24 - ھەولێر

لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی كارەبای ھەرێمی كوردستان روونكردنەوە لەسەر كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی كارەبا دەدات و راشیدەگەیەنێت، بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی كە لە دەسەڵاتی ئەواندانین پێشنیار و داخوازیان پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە.

وەزارەتی كارەبا لەو راگەیاندراوەدا دەڵێ: "لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە بۆ چاككردنەوە وەرزی و راوەستانی پرۆژەكانی پەرەپێدانی ژێرخانی كارەبا و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی داواكاری له‌سه‌ر كاره‌با به‌هۆی گه‌شه‌كردنی شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بارگرانییەكی رادەبەردەری خستۆتە سەر وێستگە و محاویلە و تۆڕەكانی كارەبا، هەربۆیە وەزارەتی كارەبا لەم دۆخەدا زه‌ره‌رمه‌ند بووە لە جێبەجێكردنی ئەو پلانەی دایڕشتبوو بۆ پتەوكردن و فراوانكردنی ژێرخانی كارەبا".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوی وەزارەتی كارەبادا ھاتووە: "بۆ وەرزی زستانیش وەزارەتی كارەبا لەئامادەباشیدایە بەهەموو شێوازێك تاكو بتوانێ زۆرترین كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پێشنیارو داخوازیمان پێشكەش بەئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەكێشەكان كە لە دەسەڵاتی وەزارەتی كارەبادا نییە".