كارگه‌یه‌كی دروستكردنی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی داعش كۆنترۆڵكرا
K24 – هه‌ولێر:
هێزه عێراقییه‌كان له گه‌ڕه‌كی"قاهیره" ی شاری موسڵ كارگه‌یه‌كی درووستكردنی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانیان كۆنترۆڵكرد.
"مه‌سعوود محه‌مه‌د" په‌یامنێری كوردستان24 له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی سوپای عێراق، له گه‌ڕه‌كی قاهیره‌ی شاری موسڵ چووه ناو ئه‌و خانووه‌ی كه چه‌كدارانی داعش كردبوویان به كارگه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی"فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان".
له ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌كدارانی داعش چۆن ئه‌و فڕۆكانه‌یان دروستكردووه بۆ ئه‌وه‌ی دژی هێزه عێراقییه‌كان له شه‌ڕه‌كاندا به‌كاریانبهێنن.
سه‌ربازه‌كانی سوپای عێراق كه كورد بوون و به زمانی كوردی قسه‌یان ده‌كرد رایانگه‌یاند" ماوه‌یه‌كه داعش په‌نای بردووه‌ته به‌ر ئه‌و فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانانه و له به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژی هێزه عێراقییه‌كان به‌كاریانده‌هێنێت،بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بۆمبیان لێده‌به‌ستێت و بۆمبڕێژیان ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان گووت، كه چه‌كدارانی داعش زۆر جار بۆ ئاشكراكردنی شوێنی هێزه‌كانی به‌رامبه‌ریان كه‌ڵكیان له‌و فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانانه وه‌رگرتووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كامێرایان لێبه‌ستووه و له ئاسمانه‌وه وێنه‌یان پێگرتووه.
شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له 17/10/2016 وه به به‌شداری 45 هه‌زار له هێزه سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی عێراق له سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا شان به شانی هێزی پێشمه‌رگه ده‌ستیپێكردووه.
له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له ئاسمانه‌وه پاڵپشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان ده‌كات و تا ئێستا چه‌ند شارۆچكه و شاره‌دێ و ژماره‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا رزگار كراوون و ئێستا موسڵ له هه‌ر چوار لاوه گه‌مارۆدراوه.