عێراق: ئەو کارمەندانەی تەندروستی کە بە کۆرۆنا دەمرن، خانەنشینییەکەیان تایبەت دەبێت

K24 - هەولێر

عێراق دەیەوێت رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا بگرێت، کە ئێستا رۆژانە نزیکەی دوو هەزار کەس تووشی دەبن، بۆیە چەند بڕیارێکی بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و "لەبەرژەوەندیی کارمەند و پزیشکانی تەندروستی" دەرکرد.

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی، دوێنێ (دووشەممە، 29-6-2020) بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و باسی لەو ئاستەنگییانە کرد، کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. "کێشەکانی کەرتی تەندروستی چەند ساڵێکە بەسەر یەکدی کەڵەکە بوون، بۆیە ئاستەنگییەکان و زەحمەتییەکان زۆرن".

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران ناوەڕۆکی بڕیارەکانی بڵاوکردەوە، کە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ دراون، لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە "دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاسایەک ئامادە بکات، تێیدا دەرماڵەی کۆچکردووان لە خاوەن پیشە پزیشکی و تەندروستییەکان ئەوانەی بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن، مووچەیەکی خانەنشینییان بۆ ببڕێتەوە، کە یەکسان بێت بە دوایین دەرماڵەی وەریانگرتووە".

تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە عێراق لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە زۆر زیادی کردووە، بەجۆرێک لە رۆژانە چەند سەد کەسێکەوە بووەتە رۆژانە نزیکەی دوو هەزار کەس. بەگشتی تاوەکو ئەمڕۆ (سێشەممە، 30-6-2020) 47 هەزار و 151 کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون و ژمارەی کۆچکردووانیش بە پەتاکە زیاتر لە 1800 کەسە.

تائێستا ئامارێکی ورد لەبارەی کارمەندانی کەرتی تەندروستی نییە کە لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون، یان بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام سەندیکای پزیشکانی عێراق دوێنێ رایگەیاند "13 پزیشک لە عێراق بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە 775ـی دیکەش تووشی پەتاکە بوون".