هاوینه‌هه‌واری سه‌رچنار..مێژوویه‌كی دانه‌بڕاو له‌ سلێمانی

کانى ئاسکان و سەرچنار بەیەکێک لە هۆکارە گرنگەکانى درووستبوونى شارى سلێمانى لەلایەن "ئیبراهیم پاشاى بابانەوە" دادەنرێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

هاوینەهەوارى سەرچنار یەکێکه لە هاوینەهەوارە جوان و دڵڕفينەکانى  سلێمانى، لەگەڵ درووستبوونى ئەو شاره بووەتە شوێنى کات بەسەربردنى خەڵکى شارەکە و گەشتیاران. دیمەنى تایبەتى هاوینەهەوارى سەرچنار بووەتە سەرچاوەى نووسینى شیعرى چەندین شاعیرى کورد، تا ئێستاش هاووڵاتیان بەشێکى زۆرى بۆنە تایبەتیەکانیان دەبەنە ئەو هاوینەهه‌وارە.

هەر چۆن "نالی" بادى سەبا رادەسپێرێت تا نەگاتە سەرچنار نەوەستێت، هەرواش دوو ئاشق دەیانەوێت وێنەى چوونە ناو کەژاوەى ژیانیان لە ناو پاییزى هاوینەهەوارى سەرچنار تۆماربکەن. ئەو هاوینەهەوارەى، کە بە جوانى و دڵڕفێنی دیمەنەکانى ناوى خۆى لەناو یادەوەرى زۆربەى چیرۆکە ئاشقانەکانى شارى سلێمانى تۆمارکردووە.

وەرزى پایز و گەڵاڕێزان دیمەنى جوانى هاوینەهەوارى سەرچنارى دەرخستووە، هەرئەمەش وایکردووە رۆژانە زیاتر هاووڵاتیان سەردانى بکەن و کاتە تایبەتەکانى تێدا بەسەرببەن، لە رێگاى بینینى سرووشتى سەرچنار پشوویەک بە ماندوێتى رۆژەکانیان ببەخشن کانى ئاسکان و سەرچنار بەیەکێک لە هۆکارە گرنگەکانى درووستبوونى شارى سلێمانى لەلایەن "ئیبراهیم پاشاى بابانەوە" دادەنرێت. هەر لەسەرەتاى درووستبوونى شارى سلێمانیشەوە تا ئێستا سەرچنار یەکێکە لە شوێنە دڵگیرەکانى شارەکە، هەر کەسێکیش سەردانى سلێمانى بکات بەبێ سەردانکردنى سەرچنار شارەکە جێ ناهێڵیت.