شنۆ ئەحمەدی بەرھەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە

"ئێستا كار لەسەر بەرھەمێكی دیكەی فۆلكلۆر دەكەم"

K24 – ھەولێر

شنۆ ئەحمەدی، یەكێكە لە خانمە گۆرانیبێژەكانی كورد، لەم چەند ساڵەدا چەند بەرھەمێكی بڵاوكردووەتەوە، دوایین بەرھەمیش گۆرانی (بریندار)ـە.

شنۆ ئەحمەدی، بە كوردستان24ی گوت: "رۆژانە لە قوتابخانەیەك كاردەكەم و ئێواران كە دەگەڕێمەوە ماڵ دوای نان خواردن سەرقاڵ دەبم بە پرۆڤە كردن لەسەر ئامێری ساز و گۆرانی گوتن".

گوتیشی: "لە ساڵی 2017 بە فەرمی دەستم بە كاری ھونەری كردووە، تائێستا شەش گۆرانیم بڵاوكردووەتەوە، كە بەشێكیان كە ھەندێكیان فۆلكلۆر بوون. دوایین بەرھەمیشم لەم چەند رۆژە بڵاوكردەوە بەناوی (بریندار)، ئێستاش خەریكی بەرھەمێكی دیكەم، كە ئەویش فۆلكلۆرە".

شنۆ ئەحمەدی، خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستانە و لە ساڵی 2000 لە دایكبووە و لە وڵاتی سوید دەژیت، ھۆنراوە و موزیكی گۆرانیەكانی زیاتر فۆلكلۆری كوردین، وەكخۆشی دەڵێ، ھونەرمەندی كۆچكرد و حەسەن زیرەك و ناسر رەزازی كاریگەرییان لەسەر كاری ھونەری ھەیە.