"لە هەموومانی بردەوە"

Kurd24

مستەفا سەنەد پەرلەمانتاری شیعەی زۆر نزیک لە گرووپێکی میلیشیا، زۆر ڕاشکاوانە لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرامبەر هەوڵ و کۆشش و خۆڕاگریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانەکەی دەڵێ"مەسرور بارزانی بەبێ ئەوەی سازش بکات لە هەر هەموومانی بردەوە".

من پێموایە ئەو دانپێدانەی بەڕێز سەنەد داپێدانانێکی گشتگیرە و زۆربەی هەرە زۆری لایەنەکانی دژ بە پیادەکردنی دەستووری عیراق و دژ بە سیستەمی فیدراڵی و دژ بە سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەگەر ڕوونتر بڵێم ئەو لایەن و تاکە کەسانەش دەگرێتەوە کە بەس بە کوردی قسە دەکەن، بەڵام لەسەر لیستی بەرەی دژە کورد تۆمارکراون.

ئەو پەرلەمانتارە شیعەیە هەر بەوەندە ناوەستێ، بەڵکو دوورتر دەڕوانێت و دان بەوەش دادەنێ کە گرووپ و هاوپەیمانەکانی ئەوان نەیانتوانیوە بگەنە ئاستی بەڕێز مەسرور بارزانی و تیمەکەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی لۆبی دیبلۆماسیی کاریگەر لە واشنتن و ئەوروپا لە پێناو پشتگیری کردن لە مافە دەستوورییەکانیان.

مستەفا سەنەد دەڵێت "حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوو لە پلانەکانی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ بەدەستهێنانی مافی مووچەخۆران و فەرمانبەرەکانی . پیلانەکانی ئێمە شکستی هێنا، چونکە لۆبیمان لەکۆشکی سپی نییە و نەبووە، ئێمە لەپیلانگێریدا باش نین و دەنگمان نەبیستراوە و نابیسترێت".

ئەم راگەیاندن و داپێدانەی پەرلەمانتار سەنەد جۆرێکە لە پێشێلکاری فەرمی ئەندامێکی دەستهەڵاتی یاسادانان لە عێراقی فیدراڵ و ئاشکرابوونی ڕووی ڕاستەقینە و هزری سیاسەتی شۆڤێنی ئەو گرووپانەی نایانەوێ عێراقێکی فیدراڵی و دەوڵەتی شەراکەتی هەمەلایەنە دروست بێت.

دوای ئەوەی ئیرادەی پیرۆزی خۆڕاگری بەسەر حەز و ویستی دژە کورد و دژ بە قەوارەی شەرعی هەرێمی کوردستان سەرکەوت، ئیتر واپێدەچێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانەکەی بەرەو قۆناغێکی نوێ و وەرزێکی تازە و سەردەمێکی جیاواز لەکات و ساتی  پێکهاتنەکەی هەنگاو بنێت.

بەڵێ ئەوانەی لە بەرپرسیارەتی ناترسێن و ئەگەر بە تەنیاش لە گۆڕەپانەکەدا بمێننەوە هەر ئەرکی بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ دەگرن، ئەوانە ئەو کەسە کارێزمایەن کە هەمیشە لە هەموومان دەبەنەوە.