"پیاوی تەنگانە کەمە"
سەرەتا چەند کورتە پێناسەیەک.
پیاو:- بەو جەستە و ڕۆحە دەوترێت کە پڕاوپڕ بێت لە هێزەکانی بەردەوام بوون لە هەڵوێست، خۆڕاگری ، مرۆڤایەتیی و بەهاناوە چوون.
تەنگانە:- ئەو بارودۆخ و کاودانە سەخت و دژوارە کاتییانەن کە ئەوپەڕی پیاوەتی تیێدا دەنوێنی.
کەم:- هەبوونێکە لە نەبوونیدا.
ئەوەی بەڕێز سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە بۆنەیەکدا درکاندی و گووتی "پیاوی تەنگانە کەمە"، بەدیدی من تەواوی مەبەست و نیازی بەڕێزیان خۆی لەو پێناسە و ئیعرابەی سەرەوەدا دەگرێتەوە. ئەو کە ئەمڕۆ یەکێکە لە سەرکردە و هێما باڵاکانی دەوڵەتداریی و حووکمداری لە هەرێمی کوردستان، بێگومان هەرێمیش وەک هەر سیستەم و حکوومەتێکی تری ئەم دونیایە دووچاری کریز و قەیران و کێشە هەمەجۆرەکانی ئابووریی و سیاسیی و سەربازی دەبێتەوە و حەکیمانەش لێی دەرباز دەبێت.
مەرج نییە هەموو ئەو ئاڵۆزیانەی ئاماژەمان پێکردن بە (تەنگانە) بناسرێن و لە قەڵەم بدرێن، چونکێ دەکرێ زۆربەی هەرە زۆریان لە ڕێگەی دانووستاندن و گفتوگۆ و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و هەبوونی دۆست و هاوپەیمانی باش چارەسەر بکرێن. بەڵام وەکو لە پێناسەکە باسم کرد (تەنگانە) پیاوی خۆی دەوێ نەخاسمە کە دەگاتە ئەو ئاستەی ببێتە مەترسی بۆ لە ناوچوون و سڕینەوەی کەسایەتی و خود و هەبوونی میللەت و نەتەوەێک. بەڵکو ببێتە مەترسی بۆ هەڵوەشانەوە و داڕماندنی بونیادی کیانێک کە بە خوێن و قوربانی و فرمێسک بیناکراوە.ئا ئەم جۆرە تەنگانەیە پێویستی بە خۆڕاگریی و مقاوەمەت و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی هەیە.
لەم جۆرە تەنگانانەدا دەبێ پیاوی بەرەی نیشتمانیی و نەتەوەیی و کوردایەتی و ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی بیت، دەبێ لەو پیاوە دەگمەنانە بیت کە لە هەردوو سەنگەری گەشەپێدان و خزمەتگوزاریی و بەرگریکردن و سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ناحەز و نەیاران حەکیمانە ئیدارەی بدات.
ئەوانەی نەیانتوانیوە بە درێژایی مێژوو و تائێستاش، پێناسەیەکی ڕاستەقینە بۆ تەنگانەکانی نەتەوەی کورد و میللەت و نیشتمان بدۆزنەوە، زەحمەتە ئیتر ببن بە پیاوی تەنگانە.